رووداو دیجیتاڵ
لە شاری فۆهنشراوسی ئەڵمانیا، چیرۆکی سەرکەوتنی کچێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ڤیانا رەشیدی بووەتە جێی سەرنجی دیاسپۆرای کوردستانی.
ڤیانا، کە نزیکەی 3 ساڵە لەگەڵ خێزانەکەی لە پیرانشارەوە رووی لە ئەڵمانیا کردووە، توانیویەتی لە ماوەیەکی کەمدا نموونەیەکی درەوشاوە لە کۆشش و سەرکەوتن پێشکێش بکات و سەرنجی ناوەندە فێرکاری و کوردییەکان بۆ لای خۆی رابکێشێ.
خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی ڤیانادا ئەوە بوو کە تەنیا لە 6 مانگدا توانی زمانی ئەڵمانی و سیستمی خوێندنی ئەو وڵاتە فێربێت و وەک قوتابییەکی ئەڵمانی لە تاقیکردنەوەکاندا بەشداری بکات. ئەو هاونیشتمانییە لە 3 ساڵی رابردوودا لە خوێندن، هەرساڵ پلەی یەکەمی لە قوتابخانەکەی بەدەستهێناوە و لە کۆتاییدا بڕوانامەی (Mittlerer Schulabschluss)ـی بە نمرەی زۆر بەرزی 1.2 بەدەستهێنا.
جگە لە سەرکەوتنی لە قوتابخانە، ئەو کچە دەستی هاوکاریی بۆ پەناخوازانیش درێژ کردووە و لە وەرگێڕان بۆ پەنابەران لەگەڵ پزیشک، نەخۆشخانە و دامەزراوە حکومییەکاندا هاوکاریان دەکات.
لەبەرامبەر ئەم سەرکەوتنە و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە، لە دوو بۆنەی جیاوازدا لە (Stadthalle Vohenstrauß) و ناوەندی کوردی لە شاری نۆرنبرێگ، رێز لە ڤیانا رەشیدی گیرا و چەندین خەڵات و دیاریی پێشکێش کران.


.jpg&w=3840&q=75)
