رووداو دیجیتاڵ
بەپێی نوێترین ئامارە فەرمییەکانی حکومەت و پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا، دیپۆرتکردنەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە و رێکارە تووندەکانی سنوور و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەش بەردەوامن.
لە حەوت مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا (کانوونی دووەم تاوەکو تەممووزی 2026)، کۆی گشتی 14 هەزار و 324 کەس لە ئەڵمانیاوە دیپۆرتکراونەتەوە.
ئەم ژمارەیە بە رێژەی نزیکەی 19% کەمترە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
هەروەها لە چوارچێوەی رێککەوتنی دەبڵندا، تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووز 2 هەزار و 103 کەس رەوانەی وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا کراونەتەوە، کە دابەزینێکی بەرچاوی بە رێژەی 52% تۆمارکردووە.
زۆرترین ئەو کەسانەی ئەم ساڵ دیپۆرتکراونەتەوە، هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و هاووڵاتیی تورکیا، جۆرجیا و جەزائیر بوون.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە، لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا 20%ی دیپۆرتکراوان ژن و 14%یان منداڵ و مێرمنداڵ بوون، کە 16 کەسیان منداڵی بێ سەرپەرشت بوون.
گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە
لە بەرامبەر دیپۆرتکردنەوەی زۆرەملێدا، ژمارەیەکی زۆر لە پەناخوازان بژاردەی گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان هەڵبژاردووە.
لە حەوت مانگی سەرەتای 2026ـدا 14 هەزار و 140 کەس لە رێگەی پرۆگرامەکانی هاوکارییەوە ئەڵمانیایان جێهێشتووە.
هاوکات لە نیوەی یەکەمی ساڵدا نزیکەی 17 هەزار و 900 کەس خۆویستانە گەڕاونەتەوە، کە لە نێویاندا 4 هەزار و 600 کەسیان خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا و 2 هەزار و 800 کەسیشیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون.
بەراوردەکە لەگەڵ ساڵی 2025
ئەم دابەزینەی ئەم ساڵ لە کاتێکدایە، ساڵی 2025 ژمارەکە زیاتربوو، 22 هەزار و 787 کەس دیپۆرتکرابوونەوە (13% زیاتر لە 2024)، کە 5 هەزار و 377 کەسیان بە رێسای دەبڵة دیپۆرتکرابوونەوە.
پار پشکی شێر بەر باکووری کوردستان و تورکیا (2,297 کەس) و جۆرجیا (1,690 کەس) کەوتبوو.
هەروەها لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 36 هەزار و 200 کەس خۆویستانە ئەڵمانیایان جێهێشتبوو، کە 8 هەزار و 300 کەسیان خەڵکی باکووری کوردستان و تورکیا و 4 هەزار و 400 کەسیان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و سووریا بوون، کە بەشێکی زۆریان لە رێگەی بەرنامەی (REAG/GARP)ـەوە هاوکاری کرابوون.
تووندکردنی رێکارەکانی سنوور
ئەوەی کە پەیوەندی بە سنوورەکانەوە هەیە، پۆلیسی فیدراڵیی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە کە لە هەشت مانگی سەرەتای 2026ـدا 23 هەزار و 754 کەس لە سنوورەکان رەتکراونەتەوە یان گەڕێندراونەتەوە، کە لە نێویاندا هاونیشتمانییانی باکووری کوردستان و هاووڵاتییانی تورکیا، ئوکراینا، جەزائیر، ئەفغانستان و ئەلبانیا هەن و 655 کەسیان داوای مافی پەنابەرییان کردبوو.
ئەمەش درێژەپێدەری سیاسەتی پشکنینە تووندەکانی سنوورە کە لە مانگی ئایاری 2025ـەوە دەستیپێکرد و بووە هۆی ئەوەی لە کۆی گشتیی ئەو ساڵەدا نزیکەی 41 هەزار و 500 کەس لەسەر سنوورەکان بگەڕێندرێنەوە.




