رووداو دیجیتاڵ
لەنێو هۆڵێکی راهێنانی وەرزشیدا لە شاری (لێشنیش)ی نزیک کوێلنی ئەڵمانیا، دوو مێرمنداڵی تەمەن 14 ساڵ بەرلەوەی دەستکێشەکانیان بۆ راهێنانێکی قورس بخەنە دەست، بە دوو شێوەزاری جیاوازی کوردی دروشمی یەکگرتوویی دەڵێنەوە. یەکێکیان بە کورمانجی هاواردەکات "باکوور، باشوورە!" ئەوی دیکەیان بە سۆرانی تەواوی دەکات "رۆژئاوا، رۆژهەڵاتە!" و پێکەوە دەڵێن: "کوردستان یەک وڵاتە!"
چیرۆکی سەرکەوتنی ئەو دوو وەرزشڤانە لاوە، ئەلند ئەحمەد و ئالان گوڵابی، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی (دیاسپۆرا)دا لە رووداو گێڕدرایەوە. ئەلند خەڵکی رۆژئاوای کوردستانە و ئالان لە شاری پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. هەردووکیان لە یانەی (MTC Fighter Team) لە ئەڵمانیا راهێنانی کیکبۆکسێن دەکەن و لە تەمەنێکی بچووکدا توانیویانە ناسناوی گەورە بەدەستبهێنن.
ئەلند ئەحمەد کە دوو ساڵە دەستی بەو وەرزشە کردووە و ساڵێکە بەشداری لە کێبڕکێ فەرمییەکاندا دەکات، دوو هەفتە لەمەوبەر ناسناوی پاڵەوانی جامی جیهانیی لە کیکبۆکسێندا بەدەستهێنا. ئەو هاونیشتمانییە باسی سەرەتای رێگەکەی دەکات و دەڵێت: "سەرەتا حەزم نەدەکرد بچمە راهێنان، بەڵام پێم گوترا دەبێت وەرزشێک بکەی و دواتر زۆر حەزم لێی بوو. سەرەتا هەفتەی 3 جار دەچووم، دواتر بووە 4 و 5 جار، پاشان هەموو رۆژێک دەچووم. ئاستم رۆژ بە رۆژ باشتر بوو تاوەکو ئێستا بوومەتە پاڵەوانی جیهان."
ئالان گوڵابی هاوڕێی بە هەمان پێداگرییەوە هەفتەی 7 رۆژ بەبێ دابڕان راهێنانی کردووە تاوەکو توانیویەتی پشتێن و ناسناوە گەورەکان بباتەوە. بەڵام بۆ ئالان، وانەی هەرە گرنگی هۆڵەکەیان لە دەرەوەی سەکۆی یاریکردن دەستپێدەکات و لەوبارەیەوە دەڵێ: "لێرە فێرمان دەکەن لەسەرشەقام شەڕ نەکەین؛ لە دەرەوەی هۆڵی راهێنان هەمیشە فێرمان دەکەن خۆمان لە شەڕی سەر شەقام و دەمەقاڵە بەدوور بگرین و لێبوردە بین، چونکە شەڕکردن لە دەرەوە زۆر مەترسیدارە و رەنگە لەپڕ کەسێک بکەوێ بە زەویدا و سەری بشکێت."
راهێنەرە ئەڵمانییەکەیان بەسەرسامییەوە باسی گۆڕانی کەسایەتیی ئەو دوو مێرمنداڵە کوردە دەکات و دەڵێت: "کاتێک ئەو دوو کوڕە هاتنە لام، بە بڕوای من شەرمنترین دوو کەس بوون کە ناسیومن، بەڵام هەرچەند زۆرتر ئەو وەرزشەیان کرد، هەستم پێکرد چەندە زۆرتر بڕوایان بەخۆیان دەبێ، بەتایبەتی لەلای ئالان ئەوە زۆر بە روونی دەبیندرا."
ئێستا ئەلند و ئالان شانبەشانی راهێنەرەکەیان راهێنان بە منداڵانی دیکە دەکەن، یانەکەیشیان تێچووی پاڵەوانێتی و جلوبەرگ و کەرەستە وەرزشییەکانیان بۆ دابین دەکات. راهێنەرەکەیان هیوادارە هەردووکیان بگەنە بەرزترین ئاست و ببنە وەرزشڤانی پیشەگەر.
پێشەنگی هەردوو یاریزانە لاوەکە، عەگید کابایێل، پاڵەوانی ناوداری کوردستانیی دیاسپۆرانشینە، لە بۆکسێنی کێشی قورس لە جیهان. ئالان خەون بەوەوە دەبینێت رۆژێک وەک کابایێل بە ناوی کوردستانەوە یاری بکات. ئەلندیش دەڵێت: "ئامانجی من ئەوەیە وەک عەگید سەری کورد بەرزبکەمەوە و رۆژێک بەناوی کوردستانەوە یاری بکەم، دەمەوێ کورد سەربڵند و بەهێزبن و لە هیچ شتێک نەترسن."
لەپشت ئەو خەونە گەورەیەوە، مەشقێکی سەخت و پشتیوانیی ماڵبات هەیە. ئالان کە ئێستا رۆژانە 3 تاوەکو 4 کاژێر مەشق دەکات و خۆی بۆ کەمپێکی چڕی راهێنان لە کاژێر 9:45ی بەیانییەوە تاوەکو 21:00ی شەو ئامادە دەکات، نهێنیی سەرکەوتنەکەی بۆ ماڵباتەکەی دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "دایکوباوکم لە هەموو شتێکدا هاوکاریم دەکەن و فێرم دەکەن چۆن رەفتار بکەم؛ بەبێ ئەوان هەرگیز نەمدەتوانی بگەمە ئەو ئاستە."




