رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ و زیو روویان لە دابەزینە، پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان و بازرگانێکی زێڕ و زیو دەڵێن، نرخەکان زیاتر دادەبەزن.
نرخی زێڕ زیاتر دابەزی، رۆژی شەممە لە کاتی داخستنی بازاڕ هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە 3 هەزار و 875 دۆلار جێگیر بوو.
رۆژی 1ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشکاری ئابووری، لەگەڵ د. محەممەد ئەمین (د.ترەیدەر)، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان و هەژار قادر بازرگانی زێڕ و زیو شرۆڤەی نرخی نوێی زێڕ و زیویان کرد.
سەبارەت بە داهاتووی نرخی زێڕ، د. ترەیدەر رایگەیاند، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 3 هەزار و 300 بۆ 3 هەزار و 700 دۆلار نرخێکی گونجاوە.
د.ترەیدەر لەگەڵ ئەوەی پێشبینی دابەزینی نرخی زیاتری زێڕی کرد و گوتی، " دابەزینی نرخی زێڕ پرۆسەیەکی خێرایە، بەڵام پرۆسەکە تەنیا دابەزینی نرخە و زێڕ بەهای خۆی لە دەستنەداوە".
پێچەوانەی زێڕ، د. ترەیدەر بۆچوونی وایە زیو و بەها و نرخەکەشی لەدەستداوە، چونکە جێگرەوەی بۆ پەیداوە بووە و بەکارهێنەرانیشی روویان لە کەمبوونەوە کردووە.
500 تۆن زیو هاوردەی عێراق کراوە
رۆژی شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە کاتی داخستنی بازاڕ نرخی هەر ئۆنسەیەک زیو بە نزیکەی 48 دۆلار جێگری بوو.
هەژار قادر کە بازرگانی زێڕ و زیوە ئامارێکی تایبەتی بە هاوردەکردنی زێڕ و زیو بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق ئاشكراکرد و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا نزیکەی 500 تۆن زیو هاوردەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە کە نزیکەی 200 تۆنی تەنیا رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بووە، کە 9 تۆنیان لە ماوەی شەش رۆژدا هاوردەکراون".
سەبارەت بە هاوردەکردنی زێڕ، ئەو بازرگانە ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، تاوەکو ئێستا نزیکەی 1500 تاوەکو 2000 کیلۆ زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاوردەکراوە.
بە گوتەی هەژار قادر پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی زیو دەکرێت، بە جۆرێک نرخی هەر ئۆنسەیەک بگاتە 42 دۆلار، هەروەها نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕیش بگاتە 3 هەزار و 500 دۆلار.
ئەو بازرگانە ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای ئەو دابەزینانە پێشبینی دەکرێت ناوەڕاستی ساڵی 2027 جوڵە لە بازاڕی کانزاکان دروست بێت.
پێشبنییە جیهانییەکان
سەرەڕای ئەو پاشەکشە و دابەزینە تووندەی لەم دواییانەدا لە نرخی زێڕدا ڕوویدا، بانکە نێودەوڵەتییە گەورەکانی وەبەرهێنان هێشتا دەستبەرداری ئاسۆی گەشبینانەی خۆیان نەبوون لە مامناوەند و درێژخایەندا بۆ نرخی زێر.
پێشبینییەکانی ئەو بانکانە بە شێوازێکی سەرەکی لەسەر سێ هۆکار وەستاوە، قەبارەی کڕینی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە، پێشبینییەکان بۆ ئاراستەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکاو خواستی وەبەرهێنان لە نێو سندووقەکانی وەبەرهێنان لە زێڕدا.
ئێستاش پرسیاری سەرەکی بۆ وەبەرهێنەرە گەورە و دامەزراوەییەکان ئەوەیە کە ئایا ئەم شەپۆلە فرۆشتنەی ئەم دواییە تەنیا خۆڕاستکردنەوەیەکی کاتی نرخە دوای ئەو هەڵکشانە مێژووییەی تۆماری کردبوو، یاخود هەڵسەنگاندنێکی بنەڕەتیی نوێیە بۆ بەهای درێژخایەنی زێڕ.
پێشبینییەکان، جیاوازییەکی بەرچاو لە نێوان مەودای کورتخایەنی بازاڕ و پێشبینییە درێژخایەنەکانی دامەزراوە داراییەکاندا دەردەخەن. راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرز لە نێوان 30 شیکاریکار و بازرگاندا، کە لە 27ـی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، تێکڕای پێشبینیی نرخی زێڕی بۆ ساڵی 2026 بە 4,495 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک داناوە کە کەمێک لە خەمڵاندنی پێشووی (4,509 دۆلار) نزمترە، لە کاتێکدا پێشبینییەکانی بۆ ساڵی 2027 لە 4,610 دۆلارەوە بۆ 4,650 دۆلار بەرزکردووەتەوە.
لە نێو بانکە نێودەوڵەتییەکاندا، بانکی یو بی ئێس (UBS) پێشبینییەکی زۆر گەشبینانەی پاراستووە و چاوەڕوان دەکات نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ لە ساڵی 2027دا بگاتە 5,000 دۆلار و تاوەکو مانگی ئەیلوولی هەمان ساڵیش بۆ 5,400 دۆلار هەڵبکشێت.
لە لایەکی دیکەوە، بانکی گۆڵدمان ساکس لە راپۆرتی مانگی ئابیدا ئاستی 4,900 دۆلاری تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 دیاریکردبوو؛ هاوکات بانکی جەی پی مۆرگانیش پێشتر تێکڕای 6,000 دۆلاری بۆ چارەکی چوارەمی ساڵی 2026 پێشبینی کردبوو.
ئەم جیاوازییەی لە پێشبینییەکاندا هەیە، لە لایەک ڕەنگدانەوەی نادڵنیاییە سەبارەت بە ڕێژەی سوود و بەهای دۆلار، بەڵام لە لایەکی دیکەشەوە متمانەی بەردەوامی بازاڕ پێشاندەدات بە خواستی پتەوی بانکە ناوەندییەکان و ئەو وەبەرهێنەرانەی بەدوای بەدیلێکدا دەگەڕێن بۆ ئەو سەرمایانەی بە دۆلاری ئەمریکی دیاریکراون.



