رووداو دیجیتاڵ
نرخی هەر بیتکۆینێک بە نزیکەی 59 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت، د. ترەیدەر دەڵێت، زیاتر دادەبەزێت و دەگاتە خوار 50 هەزار دۆلار.
ئەمرۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2026، نرخی بیتکۆین گەورەترین دراوی دیجیتاڵی جیهان نزیکەی 1000 دۆلاری دیکە دابەزی و یەک بیتکۆین بە 59 هەزار و 330 دۆلار مامەڵەی پێودەکرێت.
محەممەد ئەمین، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان، کە بە "د. ترەیدەر ناسراوە" لەگەڵ محەممەد شێخ فاتیح شرۆڤەی نرخی بیتکۆینی کرد و رایگەیاند، ئەو دراوە وەکو سەر تۆپکی دراوە دیجیتاڵییەکانە بۆیە لەگەڵ دابەزینی هەموو دراوەکانی دیکەش دادەبەزن.
د. ترەیدەر پێشبینی دابەزینی نرخی هەر بیتکۆینێک کرد بۆ کەمتر لە 50 هەزار دۆلار و گوتی، "لەم کاتەدا بیتکۆین بە هیچ شێوەیەک بۆ وەبەرهێنان باش نییە".
رۆژی هەینی نرخی بیتکۆین بۆ کەمتر لە 57 هەزار دۆلار دابەزی و لە ماوەی یەک مانگدا 30%ـی بەهاکەی لەدەستدا. شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە دابەزینەکان کۆتاییان نەهاتبێت و زۆربەیان پێشبینی دەکەن نزمترین ئاستی دابەزینەکەی لە نێوان 50 بۆ 54 هەزار دۆلاردا بێت.
هاوکات (نرخی بەدیهاتوو)ـی بیتکۆین کە (Realized price) دەناسرێت کەمێک کەمترە لە 54 هەزار دۆلار، کە بریتییە لە تێکڕای نرخی کڕینی سەرجەم خاوەن بیتکۆینەکان.
سندووقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە ئەمریکا لەم مانگەدا نزیکەی 3.47 ملیار دۆلاریان لەدەستداوە. د. ترەیدەر گوتی، " ئەوانەی کە وەبەرهێنان لەو سندووقانە دەکەن زۆربەیان بازاڕەکانیان داخستووە و بەشێکیشیان خەریکی دەرکردنی پارەکانیانن لە سندووقەکە".
جووڵەی پارە لە بازاڕەکەدا نیگەرانییە هەرە گەورەکەیە، ئەوەتا لە ساڵی 2026ـدا سندوقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە ئەمریکا بە پوختی نزیکەی 1.9 ملیار دۆلاریان لێ کشاوەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2025ـدا توانیبوویان 21 ملیار دۆلار رابکێشنە نێو سندوقەکانەوە.



