رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێک لە بازرگانیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، چەند رۆژێکە دابەشکردنی پارەی گەنمی ساڵی 2015ی جووتیاران لە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە. دەشڵێت، "هەوڵدەدەین پێش مانگی رەمەزان پارەی ساڵی 2016ش بەسەر جووتیاراندا دابەشبکەین."
رۆژی دووشەممە 6-3-2023، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆسەکە هەندێک بە هێواشی بەڕێوەدەچێت، چونکە ئەمە بەشی سێیەمی دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیارانە، هەوڵدەدەین پێش مانگی رەمەزان پارەی ساڵی 2016ش بەسەر جووتیاراندا دابەشبکەین."
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، هیچ کێشەیەک لە نەبوونی بودجەدا نییە؛ پارەکە لە بانکە و رۆژانە تاوەکو کاژێر 4:00ـی ئێوارە کارمەندەکانمان دابەشی دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لەبارەی بڕی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ ساڵی 2016 گوتی: "هەولێر 56 ملیار و 103 ملیۆن و 198 هەزار دینارە، دهۆک 45 ملیار و 504 ملیۆن و781 هەزار دینار و سلێمانی 29 ملیار و 761 ملیۆن و 127 هەزار دینارە، کۆی گشتیش دەکاتە 131 ملیار و369 ملیۆن و 106 هەزار دینارە."
شایستەی گەنمی ساڵەکانی 2015 و 2016ـی جووتیاران پێکەوە دەکاتە 271 ملیار و 56 ملیۆن و 169 هەزار دینار.
رۆژی 8-6-2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی 273 ئەندامی ئەنجوومەنەکە کۆبووەوە و دەنگی بە پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دا. لە چوارچێوەی پێشنیازەیاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان، شەش ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بازرگانی دیاریکرا، کە پێنج تریلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ بەشەخۆراک و کڕینی گەنم و برنج و 500 ملیار دینار بۆ شایستەی جووتیاران دیاری کرا.
لەو چوارچێوەیەدا 308 ملیار دینار بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014، 2015، 2016 دیاریکرا. رۆژی چوارشەممە، 19-10-2022، حکومەتی عێراق بڕی 37 ملیار و 76 ملیۆن دیناری چەکی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2014 خەرجکرد.



