رووداو دیجیتاڵ
نرخی بیتکۆین رۆژی هەینی درێژەی بە دابەزینەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی داو دابەزی بۆ نزمترین ئاستی لە دوای مانگی 10 ـی ساڵی 2024 وە.
رۆژی شەممە نرخی یەک بیتکۆین 200 دۆلاری دیکە دابەزی و بە 59 هەزار و 700 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
گەورەترین دراوی دیجیتاڵی جیهان لە رۆژی هەینی بەتەنیا بەڕێژەی 3.4% دابەزی بۆ نزیکەی 59 هەزار دۆلار. نرخی بیتکۆین لەم هەفتەیەدا بەتەنیا 16٪ ی بەهاکەی لەدەستداوە.
دابەزینەکان دوای ئەوە دەستیان پێکرد کە کۆمپانیای (ستراتیجی)، کە یەکێکە لە گەورترین کۆمپانیاکان کە وەبەرهێنان لە بیتکۆین دەکات، بڕێک لە پاشەکەوتی بیتکۆینی خۆی فرۆشت. ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەستی وەبەرهێنەران هەبوو و بووە هۆی لەنێو چوونی سەدان ملیۆن دۆلاری بازرگانان.
دابەزینەکانی بیتکۆین زیاتر بوون ئەو کاتەی کە راپۆرتی بازاڕی کاری ئەمریکا بڵاوبووەوە مەترسی لای بازرگانان دروستکرد، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەڕاستیدا لەم ساڵدا لە جیاتی کەمکردنەوەی سوودی بانکی روو لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکات.
بەرزکردنەوەی سوودی بانکی دەبێتە هۆکار بۆ کەمبوونەوەی نەختینە لە بازاڕی ئەمریکادا و وادەکات بازرگانان پاشەکشە بکەن لە وەبەرهێنان لەو سامانانەی کە مەترسی و ریسیکیان لەسەرە وەک دراە دیجیتاڵییەکان.



