رووداو دیجیتاڵ
نرخی بتکۆین رۆژی یەکشەممە زیاتر لە 1000 دۆلار بەرزبووەوە و یەک بیتکۆین ئێستا بە 61 هەزار و 640 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت.
نرخی بیتکۆین لە چەند رۆژی رابردوو ئاستی 60 هەزار دۆلاری بەرەو خوارەوە شکاند بە چەشنێک زۆرێک لە شرۆڤەکاران پێشبینیی زیاتر دابەزینی ئەو دراوە دیجیتاڵییانەیان دەکرد.
شەپۆلی فرۆشتنی بیتکۆین لە دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی بازاڕی کاری ئەمریکا لە رۆژی هەینی، خێراتر بووەوە، بەو پێیەی نیگەرانی لای وەبەرهێنەران دروستکرد کە سوودی بانکی لە ئەمریکا لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە بەرز بکرێتەوە و وەبەرهێنەران لە دراوە دیجیتاڵییەکان دووربکاتەوە.
بەپێی هەندێ لە شارەزایانی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان، بیتکۆین ئێستا لە دۆخی خۆڕاستکردنەوەیەکی سنووردار دایە و نرخی گەورەترین دراوی دیجیتاڵی کاردانەوەی تووندی هەبووە بۆ ئەو شکانانەی پێشوو کە لە چارتی 4 کاژێریدا بینراون.
نرخی بیتکۆین گوڕوتینی بۆ بەرزبوونەوە لەدەستدا ئەو کاتەی نەیتوانی پارێزگاریی لە ئاستی 70,000 دۆلاردا بکات. بەوپێیەش هێشتا فرۆشیاران لە بازاڕی بیتکۆیندا زاڵن. بەڵام هەندێ ئاماژە دەرکەوتووە کە دەسەڵات و هێزی فرۆشیاران بەرەو تەواوبوون دەڕوات و ئەگەری هەیە نرخی بیتکۆین نزیک بووبێتەوە لە نزمترین ئاستەکانی خۆی.



