رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیێنێت، تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی دووەمی نێوان شاندی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەسپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دیارینەکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 11ی حوزەیرانی 2026، سەلیم روکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوو شاندی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان."
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی، "لە دوایین کۆبوونەوەدا کە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر داواکاریی کۆمپانیا بیانییەکان کرا و رێنمایی دراوە کە هەموو کێشەکانیان چارەسەر بکرێت و داوا لە کۆمپانیاکان کراوە دەستبەجێ دەستبەکاربنەوە."
لەبارەی بڕی ئەو نەوتەی ئێستا رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوە کرد کە "بڕی هەناردەی نەوتی ئێستا بۆ تورکیا نزیکەی 200 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا."
سەلیم روکابی روونیکردەوە کە پشکی نەوتی خاوی هەرێمی کوردستان لەو بڕە "زۆر کەمە"، ئەوەش بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستا کۆمپانیا بیانییەکان نەگەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان بۆ کارپێکردنی کێڵگەکان، بەڵام "کارکردن بەردەوامە بۆ هاندانی کۆمپانیاکان و لابردنی ئاستەنگەکانی بەردەم گەڕانەوەیان."
سەبارەت بە رەزامەندی کۆمپانیاکان بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان، سەلیم روکابی گوتی، "کۆمپانیاکان ناڕەزایەتییان بۆ گەڕانەوە و دەستپێکردنەوەی کارەکانیان نییە، بەڵکو تەنیا داوایان کردووە ئاستەنگەکان و کێشەکان چارەسەر بکرێن."
دووپاتیشی کردەوە کە سەرۆکوەزیرانی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ لێکۆڵینەوە و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکانی بەردەم کۆمپانیاکانی نەوت، بە مەبەستی دەسپێکردنەوەی پڕۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.
پاش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، کێشە بۆ هەناردەی نەوتی عێراق لە رێگەی تەنگەی هورمز دروست بووە، ئێستا زۆربەی نەوتەکەی لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکات.
.jpg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)
.jpg&w=3840&q=75)