رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە، یەکەم رۆژی کردنەوەی بازاڕەکان بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە دوای مانگی ئادارەوە دابەزی. دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە هات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایانگەیاند گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی سەرەتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستپێکردنەوەی هاتووچۆ لە تەنگەی هورمزدا.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 3.58 دۆلار یان 4.10% دابەزی و گەیشتە 83.75 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها نەوتی خاوی سووکی تەکساسی ئەمریکا گەیشتە 80.87 دۆلار، دوای ئەوەی 4.0 دۆلار یان 4.72% دابەزی. هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی هەینی بە رێژەی زیاتر لە 3% دابەزینیان بەخۆوە بینیبوو.
سەرۆکوەزیرانی پاکستان، کە وڵاتەکەی وەک نێوەندگیرێک لە نێوان ئەمریکا و ئێران کاری کردووە، رایگەیاند ئەمریکا و ئێران رۆژی هەینی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە سویسرا واژۆ دەکەن. ترەمپ قسەکەی ئەوی پشتڕاست کردەوە و گوتی تەنگەی هورمز "بەبێ باج" دەکرێتەوە و گەمارۆی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێرانیش کۆتایی دێت.
ئاژانسی هەواڵی مێهری نیمچە فەرمیی ئێران رایگەیاند کە رەشنووسی رێککەوتنەکە داوای کردنەوەی تەنگە هورمز دەکات لە ماوەی 30 رۆژدا و لەژێر رێوشوێنەکانی ئێراندا.
تیم واتەرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەو بەشە لە بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت کە بەهۆی مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان خرابووە سەر نرخی نەوتو ئێستا بە خێرایی خەریکە لەنێو دەچێت."
واتەرەر دەڵێت: "بازرگانان پێشبینی دەستپێکردنەوەی رەوتی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن."
جیهان ملیۆنان بەرمیل نەوت و گازی بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە لە دوای مانگی شوباتەوە لەدەستداوە.
ئێستا وەبەرهێنەران بە وریاییەوە چاودێری ئەوە دەکەن کە بەرهەمهێنەرانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندە بە خێرایی دەتوانن دەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بکەنەوە دوای ئەو زیانانەی بەهۆی جەنگەوە بەر دامەزراوە نەوتییەکان کەوتوون و ئایا کەشتیی زیاتر دێنە ناو کەنداو یان نا.
ڤیڤێک دار، شارەزای بازاڕە داراییەکان لە بانکی کۆمۆن وێڵسی ئوسترالیا کە پێشبینی کردووە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ نرخی نەوتی برێنت بگاتە 80 دۆلار، لە تێبینییەکدا روونیدەکاتەوە و دەڵێت: "ناڕوونییەکان دەتوانن بەرزبوونەوەی نرخەکانی لێ بكەوێتەوە و دژی پێشبینییەکانمان کاربکات. بەڵام بۆ ئەوەی پێشبینییەکانمان راست دەربچن تەنیا پێویستە هەناردەی نەوت لە تەنگە هورمزدا بگاتە 60-70%ی ئاستی پێش جەنگ."
کازیم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 60 رۆژی ئاگربەستەکەدا دانوستاندن لەسەر رێککەوتنێکی بەرفراوانتر دەکرێت. وڵاتانی (E4) کە بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا لەخۆدەگرێت، رۆژی یەکشەممە رایانگەیاند، ئامادەن سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرن لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئەو وڵاتە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (IG) لەو بارەیەوە دەڵێت: "بە لەبەرچاوگرتنی ناڕوونییەکانی پەیوەست بە 60 رۆژی داهاتوو لە کاتی دانوستاندنەکان، بەتایبەتی سەبارەت بە لایەنی ئەتۆمی، ئەستەمە ببینین ئێستا نرخی نەوتی خاو لەوە زیاتر دابەزێت."

.jpg&w=3840&q=75)
