رووداو - دیجیتاڵ
جووتیارانی گەرمیان لەنێوان تێچوویەکی زۆری بەرهەمهێنان و داگیرکردنی
بازاڕەکان لەلایەن تەماتەی هاوردەی ئێرانییەوە، دووچاری زیانێکی گەورە
بوونەتەوە. جووتیارێک دەڵێت، تێچووی بەرهەمهێنانی کیلۆیەک تەماتە نزیکەی دوو
هێندەی نرخی فرۆشتنیەتی لە عەلوەکاندا و بەشێکی زۆری بەرهەمەکەشیان نزیکن لە تێکچوون.
سەردەشت سەلاحەدین، جووتیارێکی سنوورەکەیە کە 20 دۆنم زەویی بە تەماتە چاندووە، ئەو
ئێستا تەنیا خەمی ئەوەیەتی بەشێک لە تێچووەکانی بۆ بگەڕێتەوە و وەک خۆی بە رووداوی
گوت: "کیلۆیەک تەماتە 400 دیناری تێدەچێت واتە یەک تۆن 400 هەزار، کەچی لە بازاڕ
250 دینار دەکات، واتە زیان دەکەین."
قاچاخ بووەتە "فەرمی" هۆکاری سەرەکیی ئەم دۆخە بۆ هاوردەکردنی بێوێنەی تەماتە لە
ئێرانەوە دەگەڕێتەوە. جووتیارانی گەرمیان دەڵێن، سەرەڕای ئەوەی حکومەت 750 دینار
باجی لەسەر هەر کیلۆیەک تەماتەی هاوردە داناوە، بەڵام بەهۆی قاچاخەوە تەماتەی
ئێرانی بە نرخێکی زۆر هەرزان عەلوەکانی تەنیوە.
هادی سەعید، جووتیارێکی کەلارە و خەمی فرۆشتنی تەماتەکەیەتی، بە رووداوی گوت:
"تەماتەی ئێرانی زۆر لە عەلوەی کەلار و سلێمانییە، سندوقی دوو هەزار و سێ
هەزارە، تەماتەی ئێمەش 250 دینارە و زەرەر دەکات."
هاوکات عومەر کەریم، جووتیارێکی دیکەیە و باس لە گەورەیی کێشەی قاچاخ دەکات و
دەڵێت: "ئەم قاچاخە بووەتە فەرمی، شەوی وا هەیە 10 بۆ 15 بارە تەماتە دێتە
عەلوەی کەلار، بەرهەمەکەی ئێمە لە بازاڕ ساخ نابێتەوە."
وەزارەتی کشتوکاڵ: کێشەکە لەگەڵ بەغدایە بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و
سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، هۆکاری ناجێگیریی بازاڕ و ساخنەبوونەوەی
بەرهەمی ناوخۆ بۆ ناپابەندیی حکومەتی عێراق بە رۆژژمێری کشتوکاڵی دەگەڕێنێتەوە و
دەڵێت: "ئەو بەرهەمانەی لە بازاڕ زیادە یان قەدەخە دەکرێت، بۆ ئەوەیە پارێزگاری لە
بەرهەمە ناوخۆییەکان بکرێت، بەڵام دووبارە کێشەمان لەگەڵ عێراق لەسەر رۆژژمێرێکی
کشتوکاڵی هەیە؛ دەبێ پابەندبن پێی کە لە سەرتاسەری عێراق بە هەماهەنگی دەردەکرێت."
ئاماری بەرهەمی تەماتە لە گەرمیان بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی
گەرمیان، ساڵانە لە سنووری ئیدارەکە 4 هەزار و 215 دۆنم زەوی دەکرێتە تەماتە،
کە بەرهەمەکەی دەگاتە نزیکەی 60 هەزار تۆن. ئەم بڕە زۆرەی بەرهەمە ئێستا بەهۆی
هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانییەوە، جووتیارانی ناوچەکەی خستووەتە دۆخێکەوە کە تەنانەت
خەرجیی کۆکردنەوەی بەرهەمەکەشیان بۆ ناگەڕێتەوە.

