رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی حوزەیران و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کران.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دا هاتووە، "ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی حوزەیرانی 2026 لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار لەلایەن تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانەوە رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کرا."
رۆژی دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026 سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەگەری زۆرە رۆژی چوارشەممە 17-06-2026 لیستی مووچەی مانگی حوزەیران و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئایار بنێردرێتە بەغدا."
سەرچاوەکە گوتی، بەهۆی ئەوەی سێشەممە 16-06-2026 پشووی فەرمییە، رۆژی چوارشەممە لیستەکە لەلایەن شاندێکەوە دەبرێتە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێ، ئەمەش وەک بەجێگەیاندنی رێکارەکان بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەو سەرچاوەیە باسی لە گۆڕانکارییەک لە کاتی ناردنی لیستەکەدا کرد و گوتی، "لە مانگەکانی رابردوودا لە رۆژانی 20 و 25ی مانگ لیستەکانمان دەنارد، بەڵام بڕیاردراوە لەمەودوا زووتر رەوانە بکرێن."
بۆ مووچەی مانگی رابردوو (ئایار)، لە 27ی مانگەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە کرا و تاوەکو 29ی ئایار سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەکانیان وەرگرت.



