رووداو دیجیتاڵ
جیهان لەبەردەم قەیرانێکی گەورەی وزەدایە. دوای ئەوەی ئێران لە 20ـی حوزەیرانی 2026 بە فەرمی داخستنی تەنگەی هورمزی راگەیاند، بازاڕەکانی جیهان شڵەژاون و هەوڵە دیپلۆماسییەکانیش لە سویسرا گەیشتوونەتە لووتکە بۆ رێگریکردن لە تەقینەوەی دۆخەکە.
بۆچی ئێران تەنگەکەی داخست؟
فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران و سوپای پاسداران رایانگەیاند، داخستنی تەنگەی هورمز وەک وەڵامێکە بۆ "پێشێلکردنی بەندەکانی لێکتێگەیشتنی ئاشتی" لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. تاران دەڵێت، بڕیار بوو دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکە هەموو هێرشە سەربازییەکان رابگیرێن، بەڵام هێرشە چڕەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان کە بووە هۆی کوژرانی 20 کەس، بووە هۆکاری ئەوەی ئێران ئەم بڕیارە بدات. سوپای پاسداران هۆشداریی داوەتە کەشتییە بازرگانییەکان کە "نزیکبوونەوە لە تەنگەکە مەترسی لەسەر ئاسایشیان دروست دەکات."
ئەمریکا: تەنگەکە کراوەیە و باج دەسەپێنین
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) هەواڵی گەمارۆدانی تەنگەکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، تەنیا لە رۆژی شەممەدا 55 کەشتیی بازرگانی کە 17 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەڵگرتبوو، بە سەلامەتی تێپەڕیون.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی تووند دا هۆشداری دا و رایگەیاند، ئەگەر لە ماوەی 60 رۆژی دانوستاندنەکاندا رێککەوتنی کۆتایی نەکرێت، واشنتن وەک "فریشتەی پارێزەر"ـی وڵاتانی ناوچەکە، باجی تایبەت بەسەر هەموو ئەو کەشتیانەدا دەسەپێنێت کە بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕ دەبن.
دانوستاندنی خێرا لە سویسرا
سەرەڕای گرژییەکان، دەرگای دیپلۆماسی دانەخراوە. رۆژی یەکشەممە، 21ـی حوزەیرانی 2026، گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان لە "بۆرگنستۆک" لە سویسرا دەستپێدەکات. جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندی بە جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆفەوە دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی باڵای ئێران کۆببنەوە، بە مەبەستی رزگارکردنی ئەو ئاگربەستە لەرزۆکەی بە نێوەندگیریی پاکستان هاتبووە ئاراوە.
کاریگەرییە ئابوورییەکان؛ ترس و دڵەڕاوکێ
دۆخی مەیدانی لەناو ئاوەکانی کەنداو گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ نزیکەی 500 کەشتی و 20 هەزار دەریاوان لەناو کەنداودا گیریان خواردووە.
بیمەی کەشتیوانی؛ نرخی بیمەی جەنگ لە 0.25٪ـەوە بۆ 8٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە تەنیا تێپەڕبوونی یەک تانکەر 8 ملیۆن دۆلاری تێبچێت.
گۆڕینی ئاراستە؛ کۆمپانیا گەورەکانی وەک (Maersk) و (MSC) ئاراستەی کەشتییەکانیان گۆڕیوە بۆ دەوری کیشوەری ئەفریقا.
بۆچی هورمز بۆ جیهان گرنگە؟
تەنگەی هورمز کە تەنیا 33 کیلۆمەتر پانە، خوێنبەری وزەی جیهانە. رۆژانە 20٪ـی نەوت و گازی سرووشتیی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، کە نرخەکەی ساڵانە بە 600 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت و زۆربەی ئەو وزەیەش بۆ ئابووریی وڵاتانی ئاسیا دەچێت.
شارەزایانی دەریاوانی هۆشداری دەدەن، تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ رێککەوتنیش بکرێت، 3 بۆ 4 مانگی دەوێت تاوەکو جموجووڵی بازرگانی ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی مینە دەریاییەکان و قەرەباڵخییەکی زۆری کەشتییەکان لە بەندەرەکاندا.


.jpg&w=3840&q=75)
