رووداو دیجیتاڵ
نرخی نەوت ئەمڕۆ دووشەممە دابەزی، ئەمەش دوای ئەوەی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران لە سویسرا کۆتاییان هات و بەرپرسانی ئێران رایانگەیاند، لێخۆشبوونیان بۆ هەناردەکردنی نەوت و بەرهەمە پترۆکیمیاوییەکان بەدەستهێناوە.
نرخی نەوتی خاوی برێنت 1.53 دۆلار (1.90%) دابەزی و گەیشتە 79.04 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. پێش ئەو دابەزینە، لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕەکاندا، نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەرووی 82 دۆلار.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لێخۆشبوونی بۆ هەناردەکردنی نەوت و پترۆکیمیاوی و ئازادکردنی هەندێک لە سەرمایە سڕکراوەکانی و دەستپێکردنی پلانێکی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بۆ ئێران بەدەستهێناوە.
تۆنی سیکامۆر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری ( IG) لەو بارەیەوە رایگەیاند، "پێدەچێت گفتوگۆ ئاستبەرزەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە سویسرا هەندێک پێشکەوتنی بەدەستهێنابێت و هەردوولا رازی بوون لەسەر پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا."
سایکامۆر هەروەها دەڵێت، "بەڵام ئەوەی کە ئایا ئەم هەنگاوانە ئەنجامی ماناداریان لەسەر زەوی دەبێت یان نا، هێشتا روون نییە، بەتایبەتی لە باشووری لوبنان کە وا دیارە ئیسرائیل و حیزبوڵڵا پێداگرن لەسەر بەردەوامبوون بە جەنگ."
داتاکانی کەشتیوانی ئاشکرای دەدەن، پێش گفتوگۆکان، ژمارەی ئەو کەشتییانەی بە تەنگەی هورمزدا تێپەڕیون، رۆژی یەکشەممە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران رایگەیاند جارێکی دیکە ئەو رێڕۆ ئاوییەی داخستووەتەوە، بە بیانووی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاشتیی لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان رایگەیاند، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان رۆژی شەممە بوونەتە هۆکار بۆ کوژرانی لانیکەم 20 کەس.
شرۆڤەکارانی بانکی ING لەلایەکی دیکەوە لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایانگەیاندووە، "پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەدەن کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی تاهەتایی پڕە لە ئاڵنگاری و بە ئاسانی بە دەست نایەت."
لەگەڵ ئەوەشدا، نرخی نەوت لە هەفتەی رابردوودا زیاتر لە 8% دابەزیوە بەهۆی ئەو هیوایەی دروستبووە بۆ ئاساییبوونەوەی گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز.
سەرۆکی کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی ئێران، رۆژی یەکشەممە بە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئەو وڵاتەی رایگەیاند، "لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە زیاتر لە 25 ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران بە هێڵی گەمارۆی ئەمریکادا تێپەڕیون."
هەروەها ئیمارات، کوێت و عێراق لە هەفتەی رابردوودا نەوتی زیاتریان هەناردەکردووە. بریکاری وەزیری نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، عێراق پلانی هەیە بەرهەمهێنانی نەوتی خاو بۆ نزیکەی 4.2 ملیۆن و 4.3 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بگەڕێنێتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)


