رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان دابەزی و ئێستا هەر ئۆنسەیەکی بە سێ هەزار و 972 دۆلاری ئەمریکییە.
دوای 258 رۆژ لە مانەوەی نرخی هەر ئۆنسەیەک زێر لە سەروو چوار هەزار دۆلار، ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی حوزەیرانی 2026، نرخی هەر ئۆنسەیەکی ئەو کانزایە گەیشتە سێ هەزار و 972 دۆلار.
رۆژی 28ی کانوونی دووەمی 2026 نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە پێنج هەزار و 589 دۆلار.
دابەزینی نرخی زێڕ دوای ئەوە هات کە هەفتەی رابردوو ئێران و ئەمریکا ئاگربەستی جەنگیان راگەیاند.
رۆژی 28ی شوبات کە جەنگی ئەمریکا و ئێران دەستیپێکرد، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ گەیشتە 5274 دۆلار، بەڵام مانگێک دواتر و لەگەڵ زیادبوونی ئەگەری راگەیاندنی ئاگربەست گەیشتە چوار هەزار و 500 دۆلار.
ئیلیا سپیڤاک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری تەیستی لایڤ لە بارەی دابەزینی نرخی زێڕەوە رایگەیاند: " ئەو گوشارەی کە لەسەر نرخی زێڕدا دەیبینن کاریگەریی ئەو گۆڕانکاریانەیە کە پەیوەستە بە جەنگی ئیرانەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێ: "بەرزبوونەوەی هەڵاوسان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پێشبینی بەرزکردنەوەی سوودی بانکی بکرێ کە لە دابەزینی بەهای قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەرزبوونەوەی سوودی سەر ئەو قەواڵانە رەنگی داوەتەوە."
ئیلیا دەڵێت: "بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا بووەتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و دابەزینی نرخی زێڕ."
.jpg&w=3840&q=75)


