رووداو دیجیتاڵ
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق رێنمایی بە فەرمانگەی ژمێریاری دا کە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە دەست بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگی حوزەیران بکەن.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی وەزیری دارایی، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی ژمێریاری کردووە، رێکارەکان بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیران (6)ی فەرمانبەران دەستپێبکەن.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، پرۆسەی خەرجکردنی مووچە لە ئەمڕۆ یەکشەممە 28-06-2026ـەوە دەستپێدەکات و سەرجەم فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتەکان دەتوانن رێکارە داراییەکان بۆ وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەرەکانیان تەواو بکەن.
راگەیێندراوەکە هیچ ئاماژەیەکی بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەکردووە.
پێشتر سەرچاوەیەک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق بڕیاری داوە بڕی 120 ملیار دینار وەک "بەشی داهاتی ناوخۆ" لە کۆی ئەو پارەیە ببڕێت کە بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، ئەم لێبڕینە حکومەتی هەرێمی کوردستان تووشی گرفت دەکات، چونکە ئێستا داهاتی ناوخۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەمترە لە جاران. ئەمەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستاش بەشێک لەو مووچەخۆرانەی مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆیە، مووچەی مانگی 5یان وەرنەگرتووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر هێڵە تاوەکو وەزارەتی دارایی فیدراڵ ئەو 120 ملیار دینارە گل نەداتەوە.
بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دانوستاندن بچنە بەغدا و تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانیشیان گفتوگۆکردن دەبێت لەسەر ئەو بڕە پارەیەی بەغدا داوای دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگانە 42 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە تەرخان دەکات کە بە گرێبەست دامەزراون. ئەگەر بەغدا ئەو 120 ملیار دینارە ببڕێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی 6 تووشی کورتهێنان دەبێت و رەنگە مووچەی هەمووان دوابکەوێت تاوەکو ئەو کورتهێنانە پڕ دەکرێتەوە.
فالح ساری، لە کاتی دەستبەکاربوونی گوتی، مووچەی هەرێمی کوردستان دواناخات. بەڵام ئێستا بەبێ هاوئاهەنگی پێشوەختە دەیەوێت ئەو لێبڕینە جێبەجێ بکات.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان چاوەڕێن عەلی زەیدی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات و بەغدا رازی بێت تەنیا نیوەی داهاتی ناوخۆ وەربگرێت، تاوەکو چیدیکە بژێویی مووچەخۆران نەکەوێتە مەترسییەوە.



.jpg&w=3840&q=75)