رووداو دیجیتاڵ نرخی نەوت دوای چەند رۆژێک لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر پێگە و بەرژەوەندییەکانی یەکتر بەرزبووەوە. رۆژی دووشەممە، 29ـی حوزەیرانی 2026، نرخی نەوتی خاوی برێنت 0.8% بەرز بووەوە و بە 72.57 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا، هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش بە 70.11 دۆلار مامەڵەی پێوە کرا و 1.3% بەرزبووەوە. پێکدادانەکانی چەند رۆژی رابردوو هاتووچۆی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز خاو کردووەتەوە. شرۆڤەکارانی بانکی ING لە یاداشتێکدا بۆ بازرگانان رایانگەیاند، "هێشتا بازاڕی نەوت رووبەڕووی مەترسییەکی زۆر بووەتەوە". بە گوتەی شرۆڤەکاران، پێ دەچێت بازرگانان سەرنجیان لەسەر ئەوە بێت کە گواستنەوەی نەوت لە تەنگەی هورمز بەبێ کێشە بەردەوام نابێت. نرخی نەوتی برێنت هەفتەی رابردوو بە رێژەی 10.6% دابەزی، دوای ئەوەی هەناردەی نەوت لە تەنگەی هورمزەوە گەیشتە بەرزترین ئاست لە دوای دەستپێکردنی جەنگ، بەڵام لە رۆژی پێنجشەممەوە، هاتووچۆی کەشتییەکان خاو بووەتەوە بەهۆی رووداوی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییەکان لە تەنگەی هورمز، لەوانەش کەشتییەکی نەوت کە پەیوەندی بە قەتەرەوە هەبوو. کۆمپانیای گەورەی ئارامکۆی سعوودی رۆژی هەینی دەستی کردەوە بە هەناردەکردنی نەوتی خاو لە تێرمیناڵی رەئس تەنورە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی نزیکەی چوار مانگ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی کەنداوەوە وەستابوو. شرۆڤەکارانی ANZ لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "گواستنەوە و هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی فیزیکی بەهۆی کەڵەکەبوونی کەشتییەکان و زیانگەیشتن بە ژێرخانی بەرهەمهێنانی نەوت، رەنگە تا کۆتایی ساڵ کاتی پێویست بێت بۆ ئەوەی ئاسایی ببێتەوە بۆ پێش ئاستی جەنگ".
ئابووری28-06-2026سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: مووچە کێشەی نییە و چاوەڕێی واژۆی فالح ساریین