رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت دابەزی. وەبەرهێنەران و بازرگانان چاویان لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە دەوحە.
نرخی نەوتی برێنت بۆ رادەستکردنی لە مانگی 8ـی ئەم ساڵ کە هەر ئەمڕۆ بەسەردەچێت، بە رێژەی 1.03% یان 75 سەنت دابەزی و گەیشتنە 72.40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. نرخی نەوتی برێنت بۆ رادەستکردنی لە مانگی 9ـی ئەم ساڵ کە مامەڵەی زیاتری پێوە دەکرێت، بە رێژەی 0.54% یان 40 سەنت دابەزی و گەیشتە 73.51 دۆلار.
نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا بە رێژەی 0.66% یان 47 سەنت دابەزی و گەیشتە 70.32 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
تیم واتێرێر، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە دەڵێت: "بازرگانان پێیانوایە کە ئەنجامی دانوستاندنەکانی دەوحە ئەرێنی دەبێت، سەرەرای ئەوەی کە هێشتا هاتووچۆی دەریایی لە تەنگەی هورمز ئاسایی نەبووەتەوە."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت، "بازاڕ گەشبینییەکی پێوە دیارە، بەڵام بازرگانان تا ئەو کاتەی نیشانەکانی کەمبوونەوەی گرژییەکان دەرنەکەون، بە وریاییەوە مامەڵەکانیان دەکەن."
کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیای فەرمی وڵاتەکەی راگەیاند، پسپۆڕانی ئێران و عومان لە رۆژانی داهاتوودا دەست بە گفتوگۆ دەکەن بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی رێڕۆیەکانی تێپەڕبوون لە تەنگەی هورمز و ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی رێگری لەو کەشتییانە دەکات کە لە دەرەوەی رێڕۆیە دیاریکراوەکان دەجووڵێنەوە.
بەڵام ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند لە رۆژانی داهاتوودا هیچ کۆبوونەوەیەکدا لە هیچ ئاستێکدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی ئەنجام نادرێت.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نووسینگەی خۆی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: "کۆبوونەوەکەی دەوحە رەنگە گرنگ بێت، رەنگە گرینگیش نەبێت، بەڵام دەبینن چۆن دەبێت."
ئەم ناڕوونییە لەبارەی ئەوەی ئایا کۆبوونەوەی نێوان ئێران و ئەمریکا لە دەوحە دەکرێت یان نا، هەستیاری رێککەوتنەکەی 17ـی مانگ نیشاندەدات کە دوو لایەن واژۆیان کرد بۆ بەردەوامی دانوستاندنەکان و راگرتنی جەنگ بۆ ماوەی 60 رۆژ.
لەلایەکی دیکەوە، داتاکانی کەشتیوانی پێشانی دەدەن کە بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداو بەردەوامن لە بارکردنی نەوت و گازی سرووشتی شلکراو (LNG)، سەرەڕای هێرشەکانی چەند رۆژی رابردوو بۆ سەر کەشتییەکان.
شرۆڤەکارانی بانکی گۆڵدمان ساکس رایانگەیاندووە ئەگەر دابینکردنی نەوت لە ئاستی دوو هەفتەی رابردوودا بەردەوام بێت، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا گواستنەوەی نەوت لەڕیگەی تەنگەی هورمزەوە دەگەڕێتەوە سەر ئاستی پێش جەنگ کە نزیکەی 23 ملیۆن بەرمیل بووە.



