رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵەی حەسەکە دەڵێ، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە خەرجکردنی پارەی گەنمی جووتیاران دەکرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە.
ئامادەکارییەکان لە پارێزگای حەسەکە تەواو بوون بۆ ئەوەی لە چەند رۆژی داهاتوودا شایستە داراییەکانی ئەو جووتیارانە بدرێ کە گەنمیان رادەستی حکومەت کردووە. عەبدولحەمید داود، بەڕێوەبەری لقی حەسەکەی بەڕێوەبەرایەتیی دانەوێڵەی سووریا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست دەکرێ بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جووتیاران."
بەڕێوەبەری لقی حەسەکەی بەڕێوەبەرایەتییەکە گوتی، تاوەکو ئێستا 591 هەزار تۆن گەنمیان لە جووتیاران وەرگرتووە؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "بنکەکانی وەرگرتن کراوەن و بەردەوامن لە پێشوازیکردن لە جووتیاران بۆ وەرگرتنی گەنمەکەیان."
پێشتریش نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە بە رووداوی رایگەیاندبوو، خەرجکردنی پارەی گەنم لە چوار بنکەی سەرەکی دەبێت کە بریتین لە شارەکانی (حەسەکە، قامیشلۆ، دێریک و دەرباسییە).




