رووداو دیجیتاڵ
هەنجیری باشووری کوردستان پێگەیشت و کەوتە بازاڕەوە. بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێ، بۆ پاراستنی بەرهەمی نێوخۆ، چوار رۆژە باج خراوەتە سەر هاوردەکردنی هەنجیر.
سیروان شوان، هاونیشتمانییەکە و لەگەڵ ناردنی وێنەی بەرهەمی هەنجیری ئەم ساڵ لە عەلوەی قەرەناو لە سنووری پارێزگای کەرکووک بۆ رووداو گوتی: "لە عەلوە کیلۆی دەدرێتە 5 هەزار و 500 دینار".
رزگار حەمەد خدر، راوێژکار لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەنجیری کوردستان پێگەیشتووە، بەراورد بە ساڵانی پێشوو کەمێک دواکەوت، ئەویش بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا".
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێ: "هەنجیری کوردستان ناوبانگی زۆری هەیە و چەندین جۆری تایبەتی هەیە. ساڵانەش بە گشتی بەرهەمەکەی دەگاتە 20 هەزار تۆن".
لە زۆرینەی هەرێمی کوردستان هەنجیر بەرهەم دەهێندرێ، بەڵام بەشێک لە ناوچەکان بەهۆی بەتامیی جۆرەکەیەوە هەنجیریان زیاتر بەناوبانگە، لەوانە هەنجیری تەقتەق، هەڵەبجە و هەورامان، ئاکرێ، فەیاڵ لە سلێمانی، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڤەری خۆشناوەتی، شەقڵاوە هیران و نازەنین، شارباژێڕ و هەریر.
یەکێک لەو ناوچانەی زۆرترین بەرهەمی هەنجیری هەیە لە هەرێمی کوردستان قەزای ئاکرێیە لە پارێزگای دهۆک. بەگوێرەی کشتوکاڵی قەزاکە بۆ رووداو، زیاتر لە 250 هەزار داری هەنجیریان هەیە و بەرهەمی ساڵانە نزیکەی 9 هەزار تۆنە.
رزگار حەمەد خدر گوتی: "بۆ پاراستنی هەنجیری خۆماڵی، لە 01ـی مانگی حەوتەوە هاوردەکردنی هەر کیلۆیەکی 750 دینار باجی خراوەتە سەر و بەردەوام دەبێ تاوەکو 01ـی مانگی 10".
.jpeg&w=3840&q=75)

.jpg&w=3840&q=75)