رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای وشکەساڵیی پار و سەرما و سۆڵەی وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ، باکووری کوردستان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە بەهای زیاتر لە 121 ملیۆن دۆلار میوەی وشککراوەی هەناردە کردووە.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی هەناردەکارانی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ (GAİB)، لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026دا، 12 هەزار و 769 تۆن میوەی وشککراو هەناردەی 85 وڵات کراوە، کە داهاتەکەی 121 ملیۆن و 418 هەزار دۆلار بووە.
لە نێو ئەو بەرهەمانەی، کە زۆرترین هەناردەیان تۆمار کردووە:
- فستقی عەنتاب: بەهای 48 ملیۆن و 648 هەزار دۆلار
- قەیسی وشککراوە :34 ملیۆن و 516 هەزار دۆلار
- هەنجیری وشککراو: 13 ملیۆن و 992 هەزار دۆلار
ئەڵمانیا بە بەهای 23 ملیۆن و 77 هەزار دۆلار، لەسەر ئاستی وڵاتان لە پلەی یەکەمی کریارانی ئەو بەرهەمانەی باکووری کوردستانەوە دێت.
عێراق و هەرێمی کوردستانیش، لە ماوەی شەم مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، بە بەهای 1 ملیۆن 661 هەزار دۆلار میوەی وشککراوەی باکووری کوردستانیان هاوردە کردووە. لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوودا، زیاتر لە 3 ملیۆن 200 هەزار دۆلار بووە.
لەمبارەیەوە، مورات باکر، سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی میوەی وشککراوی باشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ رایگەیاند: "بەهۆی نالەباریی کەشوهەوای ساڵی رابردوو، لەسەر ئاستی تۆن بە رێژەی 46% پاشەکشەمان لە بەرهەمەکان دا هەیە، بەڵام بۆ وەرزی نوێی دروێنە بەتایبەت بۆ فستقی عەنتاب لە ساڵی 2027دا پێشبینی بەرهەمهێنانی نزیکەی 1 ملیۆن تۆن دەکەین."
شارەکانی باکووری کوردستان، بە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی فستق و میوەی وشککراو لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و دابەزینی رێژەی بارانبارین، کەرتی کشتوکاڵ لەم ناوچەیەدا رووبەڕووی زیانی گەورە بووەتەوە.
تەنیا لە ماوەی یەک ساڵدا، هەناردەی فستق و میوەی وشککراوەی باکووری کوردستان بە رێژەی 30٪ کەمی کردووە.
حکومەتی تورکیا و یەکێتییەکانی هەناردەکردن هەوڵدەدەن لە رێگەی گۆڕینی سیستمەکانی ئاودێری و پشتگیریی دارایی جووتیاران، کاریگەرییەکانی قەیرانی کەشوهەوا کەمبکەنەوە و پێگەی هەناردەکردنی ئەم بەرهەمە ستراتیژییانە لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا بپارێزن.



