رووداو دیجیتاڵ
دۆخی کەرتی خانووبەرە لە ناوچە جیاجیاکانی باشووری کوردستان جیاوازە. لە هەولێر کرێی خانوو گرانترینە لە هەڵەبجەش هەرزانترینە. هاوکات بەراورد بە پار، نرخی خانووبەرە لە سلێمانی، دهۆک و کەرکووک بەرزبووەتەوە و لە هەولێر دابەزیوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 13-07-2026، لە بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی کرد، بە میوانداری لە ژمارەیەک خاوەن نووسینگەی خانووبەرە، دۆخی کەرتی خانووبەرە لە باشووری کوردستان تاوتوێ کرا.
بەپێی داتاکانی دەستەی وەربەرهێنان بۆ رووداو، لە 20 ساڵی رابردوودا 270 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 22 ملیار دۆلار دروست کراون.
هەر بەگوێرەی داتاکانی دەستەی وەبەرهێنان، لەو ماوەیەدا، 156 هەزار و 804 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەولێر دروستکراون کە 57 هەزار و 41ـیان خانوون، 84 هەزار و 541ـیان شووقەن و 15 هەزار و 472ـیان ڤێلان.
''لە هەولێر بازاڕی خانووبەرە و شووقە بووژاوەتەوە''
هێرش فارس، ئەندازیار و خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە هەولێر رایگەیاند، وەستاندنی جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، جووڵەیەکی ''زۆرباش''ـی خستووەتە بازاڕی خانووبەرە و یەکەی نیشتەجێبوون.
بەگوتەی هێرش فارس، ئێستا لە ''زۆنی زێڕین''ـی هەولێر، خواستێکی زۆر لەسەر کڕین و بەکرێگرتنی خانوو و شووقە هەیە.
گۆڵدن زۆن (Golden Zone) یان زۆنی زێڕین لە هەولێر بەو ناوچەیانە دەگوترێ کە گرانترین و سەردەمییانەترین خانوو و شوقەیان تێدایە. لەوانەش ناوچەکانی دریم سیتی، وەزیران، پڕۆژەکانی ئیمپایەر و 32ـی پارک. ئەو ئەندازیارە ئاماژەی بەوە کرد، سەرەڕای بووژانەوەی بازاڕ، نرخی خانووبەرە و شووقە لەو زۆنە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
وەک هێرش فارس دەڵێت، هەندێک شووقە لە ناوچەی زێڕینی هەولێر هەن کە چەند ساڵ لەمەوپێش نرخەکەیان دەگەیشتە 200 هەزار دۆلار، ''بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ 130 هەزار دۆلار. هەروەها شوێنمان هەبووە بە 220 هەزار دۆلار فرۆشراوە، کە چی ئێستا لە بازاڕدا بە 160 هەزار دۆلارە.''
ئەو خاوەن نووسینگەیەی خانووبەرە ئاماژەی بە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی شووقەکان کرد و گوتی: ''یەکێک لەوانە سەرهەڵدانی کۆرۆنا بوو کە سەرجەم وڵاتانی خستە نێو قەیرانێکی ئابووریی قورسەوە، هەروەها جەنگەکانی ناوچەکە کاریگەریی زۆریان لەسەر بازاڕ هەبووە.''
هێرش فارس هۆکارێکی دیکەی دابەزینی نرخی خانووبەرە و شووقە لە ناوچەی زێڕینی هەولێر خستەڕوو و گوتی: ''لەوانەیە لە سەرەتاوە ئەو پڕۆژانە بە نرخێکی زۆر بەرز خرابنە بازاڕەوە. پێموایە پێشتر نرخەکانیان واقیعی نەبووە، بەڵکو نرخی ئێستایان گونجاوە، بۆ ئەوەی خەڵک تێیاندا زەرەرمەند نەبن.''
ئەو ئەندازیارە پێیوایە، دەستگیرکردنی ئەم دواییانەی ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراق کە لە دۆسیەی گەندەڵییەوە گلابوون، کاریگەریی لەسەر بازاڕی خانووبەرەش هەبووە، ''لەوبارەوە گەڕاندنەوەی پارە دزراوەکان بۆ گەنجینەی حکومەت زۆر ئەرێنییە، چونکە هۆکاری سەرەکیی ئەو هەڵاوسانەی لە کەرتی خانووبەرەدا هەبوو، نەمانی ئەو پارەیە بوو لە بازاڕدا.''
هێرش فارس ئاماژەی بە نرخی کرێی خانوو کرد لە هەولێر و گوتی: ''لە هەولێر کرێی خانوو لە سەرجەم شارەکانی دیکە گرانترە. ئەگەر شووقەیەک لە زۆنی زێڕین بایی 100 هەزار دۆلار بێت، کرێی مانگانەی دەگاتە 500 تاوەکو 600 دۆلار.''
''نرخی خانووبەرە لە کەرکووک بەرز بووەتەوە''
یەکێک لە میوانانی بووڵتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو شڤان فەلاح، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە لە کەرکووک بوو و گوتی، ئەم ساڵ زیاتر لە هەشت هەزار یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکە دروستکراوە.
بە گوتەی شڤان فەلاح، کەرکووک لە کەرتی خانووبەرەدا، خەریکە بە قۆناخێکی نوێدا تێدەپەڕێت، ''بە خۆشییەوە نرخی خانوو و زەوی بەرز بووەتەوە و دانەبەزیوە.''
ئەو خاوەن نووسینگەیەی خانووبەرە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە و زەوی لە کەرکووک لە ئاستێکی باشدایە، ''بەڵام بۆ شووقە بە پێچەوانەوە بازاڕ زۆر شلە.''
شڤان فەلاح باسی لەوە کرد، بەروارد بە پار، نرخی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لەنێوان 10 هەزار دۆلار بۆ 15 هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە، ''ئەگەر بەهۆی جەنگیشەوە هەندێک شڵەژاوی لە بازاڕدا روویدابێت، نرخەکان دانەبەزیون و بەرزبوونەوەیان تۆمار کردووە.''
بەگوتەی ئەو خاوەن نووسینگەیەی خانووبەرە، تەنیا دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوون بە شێوەی شووقە لە کەرکووک هەن و، زیاتر بۆ کڕین یان کرێ، خواست لەسەر خانووە، ''ئێستا زۆرترین خواست لەسەر گەڕەکەکانی شۆراوا، رەحیمئاوا و گەڕەکی بەغدایە.''
''لە دهۆک کێشەی دۆزینەوەی خانووی کرێ هەیە''
لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا، 37 هەزار و 849 یەکەی نیشتەجێبوون لە دهۆک دروستکراون کە 32 هەزار و 658ـیان شووقەن، سێ هەزار و 464ـیان خانوون و هەزار و 727ـیان ڤێلان.
کامان بەرواری، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە دهۆک رایگەیاند، کێشەی بەکرێگرتنی یەکەی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکە هەیە، ''بە سەختی شوێنێک بۆ کرێ دەستدەکەوێت، چونکە نووسینگەکانی خانووبەرە لە بواری کرێدا کار ناکەن.''
بەگوتەی کامان بەرواری، کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە خواستێکی زۆری لەسەرە، ''رۆژ بە رۆژیش زیاتر دەبێ. هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پارێزگای دهۆک بەرەو گەورەتربوون دەچێت.''
وەک ئەو خاوەن نووسینگەیەی خانووبەرە دەڵێت، لە دهۆک خواستێکی زۆر لەسەر کڕین و بەکرێگرتنی شووقە هەیە، ''نرخەکانیشیان بۆ کڕین بەراورد بە چەند مانگی رابردوو 7٪ بۆ 15٪ گرانتر بوون. ''
بەپێی خەمڵاندنی کامان بەرواری، نرخی شووقەیەکی 80 هەزار دۆلاری، نزیکەی 12 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە، ''ئێستا 38٪ـی یەکە نیشتەجێبوونەکانی دهۆک شووقەن و رۆژ بە رۆژ ژمارەیان زیاتر دەبێ.''
ئەو خاوەن نووسینگەیەی خانووبەرە لەبارەی هۆکاری ئەو خواستە زۆرە لەسەر شووقە دەڵێت: ''ژیان لە شووقەدا ئاسوودەتر و پارێزراوترە. هەروەها بە نزیکەی 80 هەزار دۆلار شووقەیەک بە کوالێتییەکی بەرز دەکڕدرێ، بەڵام بەو نرخانە خانووی باش دەستناکەوێت.''
کامان بەرواری پێیوایە نرخی کرێی شووقە لە دهۆکە گرانە، ''لە 400 دۆلارەوە دەستپێدەکات. خانووی کرێش بە نزیکەی 500 بۆ 600 دۆلار هەیە، بەڵام کۆنن. ئەگەر خانوویەکی نوێی 250 مەتریی یەک نهۆمی دەستبکەوێت، زیاتر لە 600 بۆ 700 دۆلار کرێیەکەیەتی.''
''لە سلێمانی خواستێکی زۆر لەسەر شووقە هەیە''
بەگوێرەی داتاکەی دەستەی وەبەرهێنان، لە 20 ساڵی رابردوودا لە سلێمانی 66 هەزار و 498 یەکەی نیشتەجێبوون دروست کراون کە 20 هەزار و 532ـیان خانوو، 42 هەزار و 370ـیان شووقە و سێ هەزار و 596ـیان ڤێلان.
دابین ئیبراهیم، راوێژکار لە بواری خانووبەرە لە سلێمانی دەڵێت، کەرتی خانووبەرە لە شارەکە لە ئاستێکی باشدایە و رێژەی بەکرێدانیش زۆرە.
بەگوتەی دابین ئیبراهیم، لە سلێمانی خواستێکی زۆر لەسەر شووقە هەیە، ''بەڵام بەهۆی بەڵێندەرانەوە، لە هەندێک پڕۆژەی نیشتەجێبوون، نرخی شووقەکان زۆر دابەزیوە.''
وەک ئەو راوێژکارەی بواری خانووبەرە روونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی خاوەن پڕۆژەکان پارەی تەواویان بۆ دروستکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون نییە، لەبری تێچووی کارکردن، چەند شووقەیەک دەدەنە بەڵێندەرەکان، ئەوانیش بۆ ئەوەی بتوانن پارەکە بکەنەوە کاش و کرێی کرێکارانیان بدەن، ناچارن شووقەکان بە هەرزان بفرۆشنەوە، ''هەندێک شووقە هەن ئەگەر راستەوخۆ لە کۆمپانیاکان بکڕدرێت، نرخەکەی دوو هێندەی ئەوەیە کە لای بەڵێندەر دەستیان دەکەوێت. بۆ نموونە نرخەکەی لای خاوەن پڕۆژە و کۆمپانیاکان 100 هەزار دۆلارە، بەڵام بەڵێندەر بە 50 هەزار دۆلار دەیفرۆشێت. بۆیە جیاوازییەکی زۆر لە بازاڕدا هەیە.''
دابین ئیبراهیم سەبارەت بە نرخی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، نرخەکان لە هەندێک گەڕەک بە ئاستێکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە، ''بۆ نموونە دەتوانم بڵێم لە ساڵێک و نیودا نرخی یەکەیەکی نیشتەجێبوون لە پڕۆژەیەکدا لە 65 هەزار دۆلارەوە بۆ زیاتر لە 80 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. بەتایبەتی لە گەڕەکی چوارچرا، بەڵام لە هەندێک شوێنیش دابەزینی نرخ تۆمار کراوە.''
هەرچی کرێی یەکەی نیشتەجێبوونە لە سلێمانی، ئەو راوێژکارە لە بواری خانووبەرە دەڵێت: ''ئێستا لە بەرزترین ئاستدایە. ئەگەر شووقەیەک نرخەکەی 70 هەزار دۆلار بێت، بە 400 دۆلار بە کرێ دەچێت. ئەگەر خانوویەکیش لە نێوشار نرخەکەی زیاتر لە 110 هەزار دۆلار بێت، بە 500 هەزار تاوەکو 700 هەزار دینار بە کرێ دەدرێت.''
وەک دابین ئیبراهیم دەڵێت، نرخی خانوو لە دەرەوەی بازنەی مەلیک مەحموودی سلێمانی کە بە دەرەوەی شار هەژمار دەکرێ، لە 60 هەزار دۆلارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 85 هەزار دۆلار کە بە 300 هەزار تاوەکو 350 هەزار دینار بە کرێ دەچێت.
''لە هەڵەبجە هیچ شووقەیەک دروست نەکراوە''
کەرتی خانووبەرە لە هەڵەبجە لە دۆخێکی خراپدایە. بەگوێرەی ئەو ئامارەی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان خستوویەتەڕوو، لە 20 ساڵی رابردوودا 250 یەکەی نیشتەجێبوون لە هەڵەبجە دروستکراون کە سەرجەمیان بە شێوەی خانوون.
وەرزێر عەبدولڕەحمان، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە گوتی: ''کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە لە هەڵەبجە، لە ئاستێکی لاوازدایە. لەبەر ئەوەی ئەو خانووانەی هەن، هەمووی کۆنن.''
بەگوتەی وەرزێر عەبدولڕەحمان، سەرەڕای ئەوەی خانووی کرێ لە هەڵەبجە بە زەحمەت دەستدەکەوێت، کرێی خانوو لە نزمترین ئاستدایە، ''هەرزانترین خانوو بۆ کرێ، نرخەکەی 80 هەزار دینارە بۆ مانگێک و گرانترینیشی لە باشترین شوێنی هەڵەبجە، دەگاتە 200 هەزار دینار.''
وەک ئەو خاوەن نووسینگەیەی خانووبەرە دەڵێت، لە هەڵەبجە هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بە شێوەی شووقە دروست نەکراوە، ''تاکە پڕۆژەیەک کە هەبێ تایبەتە بە کۆمپانیای (بەڕێز). ئەویش لە باشترین شوێنی هەڵەبجە لە سێ زۆندا دروست کراوە. سەرەڕای ئەوەی کەموکوڕی زۆری هەیە، بەڵام بەخۆشییەوە ئێستا یەکەکانی پڕ بوونەتەوە''.
بەگوتەی وەرزێر عەبدولڕەحمان، نرخی باشترین خانووی 250 مەتری لە گەڕەکی ئەندازیارانی هەڵەبجە دەگاتە نزیکەی 110 هەزار دۆلار، ''بەڵام هیچ کرێچییەک ئامادە نییە بە 250 هەزار دیناریش بچێتە نێو خانووەکەوە.''
هێرش فارس، ئەندازیار و خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە هەولێر گوتی، دانیشتووانی هەڵەبجە و گەرمیان لەبری شارەکانی خۆیان، دێنە هەولێر خانوو یان شووقە دەکڕن و بە کرێی دەدەن، چونکە بەو شێوەیە سوودێکی زیاتری بۆ ئەوان هەیە.


