رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمێرەی کۆتایی بودجەی چوار ساڵی عێراقیان پەسند کرد و رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان کردووە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2012 و 2013 و 2014 و 2015 رەوانەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کراون و وەک پڕۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێت.
ژمێرەی کۆتایی، وردەکاریی شێوازی خەرجکردنی بودجەی ساڵانەیە لەگەڵ ئەو داهاتانەی لەو ساڵانە بەدەست هاتوون، کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئامادە دەکرێت.
جەمال کۆچەر گوتى: "ئەو ژمێرە کۆتاییانە زۆر لە کاتى خۆیان دواکەوتوون و دەبوو ساڵانە رەوانەی پەرلەمان بکرێن".
بەگوێرەی یاسای کارگێڕیی دارایی عێراق، دەبێت ساڵانە وەزارەتی دارایی ژمێرەی کۆتایی داهات و خەرجکردنی بودجەی ئەو ساڵانە ئامادە بکات و لەلایەن دیوانی چاودێریی داراییەوە وردبینیی بۆ بکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند کە دەبوو ژمێرەی کۆتایی خەرجکردنی بودجە و راپۆرتی دیوانی چاودێریی دارایی ساڵانە هەبووایە تاوەکو بزانرێت ئەو پارەی خەرجییە چۆن خەرج کراوە، بەڵام تائێستا ژمێرەی کۆتایی ساڵانی 2016 بۆ 2026 نەگەیشتووەتە پەرلەمان.




.jpg&w=3840&q=75)