رووداو دیجیتاڵ
رۆژی هەینی، نرخی زێڕ لە بازاڕە جیهانییەکاندا گەورەترین دابەزینی هەفتانەی لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا تۆمارکرد؛ ئەوەش دوای ئەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی گوشارەکانی هەڵاوسان.
رۆژی هەینی لە دوایین ساتی مامەڵەکاندا، نرخی یەک ئۆنسە زێڕ بە رێژەی 1.1% بەرزبووەوە و گەیشتە 4,015 دۆلار. ئەوە لە کاتێکدایە لە کاتی مامەڵەکانی هەمان رۆژدا، نرخەکەی بۆ نزمترین ئاستی ئەم مانگە دابەزیبوو و 3,958 دۆلاریشی بەخۆیەوە بینیبوو.
لە ماوەی هەفتەیەکدا، کانزا زەردەکە 3%ی بەهاکەی لەدەستداوە، کە ئەوەش بە گەورەترین دابەزین لە دوای یەکی حوزەیرانەوە دادەنرێت. هەرچەندە داتا لاوازە ئابوورییەکانی ئەمریکا دەبوو ببنە پاڵپشت بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ، بەڵام توندبوونەوەی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران، نیگەرانیی بازرگانانی لە بەرزبوونەوەی دووبارەی هەڵاوسان و ئەگەری بەرزکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە (فیدراڵی) زیادکردووە.
تیم واتێرەر، شرۆڤەکاری بازاڕە داراییەکان لە کۆمپانیای (KCM Trade) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "رۆژی هەینی نرخی زێڕ بەرزبووەوە؛ چونکە دابەزینی نرخەکەی بۆ کەمتر لە 4,000 دۆلار، سەرنجی کڕیارانی راکێشا بۆ ئەوەی بە نرخێکی هەرزانتر زێڕ بکڕن."
ئەو شرۆڤەکارە ئاماژەی بەوەش کرد، مەترسییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێشتا بەردەوامن، بەڵام ئێستا نیگەرانییەکان لە هەڵاوسان و سوودی بانکی، هۆکاری سەرەکین بۆ رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی زێڕ.



