رووداو - دیجیتاڵ
رۆژانە لەگەڵ هەڵاتنی خۆر، نۆرەی درێژی ئۆتۆمبێل لەبەردەم ئەو بەنزینخانانەی هەولێر دەبینرێت کە بەنزینی حکومی (750 دیناری) دابەش دەکەن. بەهۆی گرانبوونی بەنزین لە وێستگە ئەهلییەکان بۆ سەرووی 1300 دینار، هاونیشتمانییان ناچارن لە نیوەڕۆی رۆژی پێشترەوە نۆرە بگرن تاوەکو تەنیا بڕێک بەنزینی هەرزانیان دەستبکەوێت.
مام سەلمان، کاسبکارێکە کە لە چاوەڕوانییەکی ماندووکەردایە و بە رووداوی راگەیاند: "لە سەعات 12ـی نیوەڕۆی دوێنێوە لێرە نۆرەم گرتووە. بەنزینخانە حکومییەکان کەمبن و خەڵکیش پارەی نییە لە دەرەوە بەنزین بکات، چونکە زۆر گرانە؛ ئەوەی نۆرەی بەرنەکەوێت، دەبێت لە دەرەوە بایی پێنج بۆ 10 هەزار دینار بەنزین بکات تاوەکو تەنیا بتوانێت ئۆتۆمبێلەکەی پێ بجوڵێنێت."
وێستگە ئەهلییەکان چۆڵ و بێدەنگن بەپێچەوانەی قەرەباڵخیی وێستگە حکومییەکان، بەنزینخانە ئەهلییەکان بێدەنگ و چۆڵ دەردەکەون. بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان نەک تەنیا نۆرەی وێستگە حکومییەکانی دوو بۆ سێ هێندە درێژ کردووەتەوە، بەڵکو ژمارەی کڕیارانی وێستگە ئەهلییەکانیشی بۆ نیوە دابەزاندووە.
دانا حاجی، کارمەندی وێستگەیەکی بەنزین لە هەولێر دەڵێت: "پێشتر 40 لیتر بەنزین بە 32 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا هەمان بڕ بووەتە 53 هەزار دینار؛ واتە 21 هەزار دینار چووەتە سەر باری دارایی هاونیشتمانییان. ئەمە تەنیا بۆ جۆری نۆرماڵە، جۆرەکانی محەسەن و سوپەر نرخەکانیان زۆر لەوە بەرزترن."
هۆکاری گرانبوونەکە چییە؟ نەسرەت کاک ئەمین، گوتەبێژی ئەنجوومەنی بۆرسەی سووتەمەنی لە هەولێر، هۆکاری ئەم تەنگژەیە بۆ کەمیی هاوردەکردن دەگەڕێنێتەوە و دەڵێت: "لە کوردستان زیاتر بەنزینی نۆرماڵی (کار و لاناز) بەکاردەهێندرێت کە ستانداردن، ئەمڕۆ لیتری بە 1280 دینار لە بۆرسە فرۆشراوە. هۆکاری گرانبوونەکەش ئەوەیە کە خواست زۆرە و پێشتر لە ئێران و باشووری عێراقەوە بەنزین دەهات، بەڵام ئێستا نایەت."
نرخی ئێستای بەنزین لە وێستگە ئەهلییەکانی هەولێر:
- نۆرماڵ: 1,350 دینار.
- محەسەن: 1,750 دینار.
- سوپەر: 1,950 دینار.
ئەم شەپۆلە نوێیەی گرانبوونی سووتەمەنی بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر شۆفێرانی تاکسی و کاسبکاران دروستکردووە، کە دەڵێن زۆربەی داهاتی رۆژانەیان تەنیا بۆ کڕینی بەنزین دەڕوات.


