رووداو دیجیتاڵ
لە هەولێر و دهۆک لیترێک بەنزین دابەزی بۆ 850 دینار و لە بەشێکی بەنزینخانەکان بەنزین نەماوە. بەرپرسێک دەڵێ، داوای بەنزین کراوە بۆ بەنزینخانەکان. بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخەکە نەگۆڕاوە و لایەنی پەیوەندیدار کاتی دابەزینی نرخەکە دەخەنەڕوو.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە فەرمانێکی وەزاریدا 20ـی تەمموز رایگەیاند، به مهبهستی چارهسهرکردنی قهیرانی سووتهمهنی و دابهزاندنی نرخی بهنزین له بازاڕهکان و کهمکردنهوهی بارگرانی لهسهر هاوڵاتییان، بڕیاریان داوە، کە نرخی فرۆشتنی بهنزینی کواڵیتی نۆرماڵی بازرگانی له بهنزینخانهکان نابێت له 850 دینار بۆ ههر لیترێک زیاتر بێت.
نرخی بەنزین لە هەولێر و دهۆک
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، نرخی بەنزینی نۆرماڵ دابەزیوە و بەنزینخانەکان پابەند کراون، لیترێک بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار بدەن.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ 21ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تەواوی بەنزینخانەکانی سنوورەکەمان پابەندی بڕیارەکەی حکومەت بوون و نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ کراوەتە 850 دینار".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ نرخی بەنزین بە کۆ دابەزیوە و لیتری بە 850 دینارە، بەڵام بڕەکەی کەم بووە.
رەشید مستەفا، نوێنەری بەنزینخانەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نیوەڕۆی 21ـی تەمموزەوە پابەندی بڕیارەکە بوون و نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵیان کردووەتە 850 دینار.
نەوت و کانزاکان: بەنزین بۆ بەنزینخانەکان دابیندەکرێت
چەند هاونیشتمانییەک بە رووداویان گوت، چوونەتە بەشێکی بەنزینخانەکان و پێیان گوتراوە، بەنزینی نۆرماڵیان نییە و بە 850 دینار نایفرۆشن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخاکان دەڵێت: "بەگوێرەی ئەوەی پێشتر نرخی بەنزین زۆر گران بوو، بەنزینخانەکان بەنزینی کەمیان دەکڕی و سرووشتییە بەنزینخانەیەک بەنزینی نەمابێت، ئەگەرنا ئەوەی بەنزینی هەبێت پابەندی بڕیارەکە بووە".
سالار محەممەد، بەرپرسی لیژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ چووینەتە نزیکەی 40 بەنزینخانە، بەشێکیان بەڕاستی بەنزینیان نەماوە و راستگۆیانە گوتوویانە بەنزین نییە، چونکە درەنگی شەو نرخیان دابەزاندووە و بەنزینەکەیان تەواو بووە".
بەرپرسی لیژنەی پشکنین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر گوتیشی: "نەمانی بەنزینمان لە بەشێکی بەنزینخانەکان گەیاندووەتە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و ئەوانیش بەڵێنی چارەسەریان داوە، هەرکات بەنزین بۆ بەنزینخانەکان دابینکرا و بەنزینخانەیەک گوتی بەنزینی نییە، ئەوکاتە بەنزینخانەکە دادەخەین".
لە سلێمانی و هەڵەبجە نرخی بەنزین دانەبەزیوە
هەرچەندە تاوەکو دوێنێ لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە نرخی بەنزینی نۆرماڵ هەرزانتر بوو لە هەولێر و دهۆک، دوای بڕیارەکەی حکومەت دۆخەکە پێچەوانە بووەتەوە.
بەرپرسانی پەیوەندیدار لە سلێمانی قسەیان بۆ رووداو کردووە و دەڵێن، بەنزین بە نرخی گران کڕدراوە و ناکرێت بە هەرزان بفرۆشرێت، هەرکات حکومەت بەنزینی نۆرماڵیان بە نرخی هەرزان بۆ دابین بکات، دەستبەجێ پابەندی بڕیارەکە دەبن.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە بەنزیخانەکانی پارێزگاکانی سلێمانی لیتری بەنزینی نۆرماڵ 1150 دینارە و لە هەڵەبجە لیترێک بە 1100 دینارە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "بۆ نرخی بەنزینی نۆرماڵی بازرگانی، پاڵاوگە گەورەکان لە ژێر چاودێریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکاندا ئەو نرخە دیاریدەکەن، کە بڕی پێویست بەو نرخە نوێیە گەیشت، بەزامنکردنی کوالێتیی و زیادکردنی بڕەکەی و پاراستنی مافی یاسایی سوودی دارایی بەنزینخانەکان، وابڕیارە بە 850 دینار بگات بە هاووڵاتییان".
پارێزگاری سلێمانی دەڵێت: "هەموو لایەک سەرپشککراون کە بەنزین و سووتەمەنیی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانەوە بە مەرج و کوالێتیی سامانە سروشتییەکان هاوردەی بازاڕەکانی کوردستان و سلێمانیش بکەن".
زانا رەئووف دەروێش فەرەج، خاوەنی بەنزیخانە لە هەڵەبجە، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنزینم کڕیوە لیتری بە 1050 دینار، ناتوانم بە زیان بیفرۆشمەوە، حکومەت دەتوانێت نرخ دابەزێنێت، بەڵام بە کردار نەوەکو فەرمان و نووسراو".
زانا رەئووف گوتیشی: "ئەمڕۆ حکومەت بەنزینمان بە 800 دینار پێبدات، راستەوخۆ دەیکەینە 850 دینار، ئەوە زیاتر لە سوودی ئێمەیە، تاوەکو نرخ هەرزان بێ بەکارهێنەری زیاتر دەبێ".
هەرێمی کوردستان رۆژانە پێویستیی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە. بە گوتەی زانا رەئووف، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن لیتری بەرهەمی نێوخۆییە، ئەوی دیکەی هاوردە دەکرێ. ئاماژەی بەوەکرد: "حکومەت دەتوانێت هەموو هەوڵێک بدات بۆ دابەزینی نرخ، بەڵام کە زۆرینە هاوردە بوو ناتوانن بازرگانەکان ناچاربکەن بە هەرزان بیفرۆشن، زۆر ناچاریان بکەن ئەوان بەنزین هاوردە ناکەن".
لە 6ـی حوزەیران نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرماڵ لە هەولێر بۆ هەزار و 175 دینار بەرزبووەوە، 20ی ئەم مانگە گەیشتە 1400 دینار. هەروەها 7ـی تەمموز نرخی بەنزین لە سلێمانی بەرزبووە و بە چەند قۆناخێک گەیشتە 1150 دینار.
جگە لەو بەنزینەی بەشێوەی بازرگانی دەفرۆشرێت، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە بەنزینی نۆرماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەش دەکرێت لیتری بە 750 دینار، بەڵام بۆ وەرگرتنی نۆرەگرتنێکی چەند کاژێری پێویستە.


