رووداو دیجیتاڵ
بەهای دینار گەیشتە بەرزترین ئاستی لەم ساڵدا و 100 دۆلار بە کەمتر لە 150 هەزار دینار دەفرۆشرێ.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ 26ـی تەمموز بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بە 149 هەزار و 750 دینار مامەڵەی پێوە دەکرێ".
لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، ئەمڕۆ بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هاوشێوەی هەولێرە.
حاجی سابیر باواجی گوتی: "ئەم ساڵ یەکەم جارە بەهای دینار وەک ئەمڕۆ بەرزدەبێتەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک، کە سەرەکیترینیان باشبوونی پەیوەندیی بانکییەکانی ئەمریکا و عێراقە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر گوتی: "هۆکاری دیکەی زۆر هەن بۆ بەرزبوونەوەی بەهای دینار، لەوانە راگرتنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئێران، زۆربوونی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق".
لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەم ساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی تەمموز، 100 دۆلار لەنێوان 156 بۆ 153 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.



.jpeg&w=3840&q=75)