رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری نۆژەنکردنەوە دەڵێ، تاوەکو ئێستا تەنیا 75 ملیار تمەن وەک قەرەبووی زیانی جەنگی 40 رۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ خەڵکی زیانلێکەوتوو خەرج کراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تەمموزی 2026، عەلیڕەزا عەبدوڵڵازادە، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ بۆ کاروباری نۆژەنکردنەوە رایگەیاند، لە جەنگی 40 رۆژەدا هەشت هەزار و 648 یەکەی نیشتەجێبوون و بازرگانی لە تەواوی پارێزگاکە زیانیان بەرکەوت کە 84 یەکەیان بە تەواوی رووخان؛ لەو ژمارەیەش 71 یەکەی نیشتەجێبوون و 13یان بازرگانین.
بە گوتەی عەلیڕەزا عەبدوڵڵازادە، بەپێی ئەو خەمڵاندنەی کراوە، کۆی زیانی جەنگی 40 رۆژە لە پارێزگای ورمێ زیاتر لە چوار تریلیۆن و 500 ملیار تمەن (نزیکەی 24 ملیۆن دۆلار) بووە، بەڵام تاوەکو ئێستا تەنیا 75 ملیار تمەن (نزیکەی 400 هەزار دولار) وەک قەرەبووی زیانی جەنگ بۆ خەڵکی زیانلێکەوتوو خەرج کراوە.
جێگری سەرۆکی دامەزراوەی خانووبەرەی پارێزگای ورمێ ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا پێنج هەزار و 217 کەسی زیانلێکەوتوو سەردانی دامەزراوەکەیان کردووە و دۆسیەیان بۆ کراوەتەوە، بۆ ئەوەی دواتر قەرەبوو بکرێنەوە.
عەبدوڵڵازادە ئەوەشی خستەڕوو، زۆرترین زیانی جەنگ لە شاری ورمێ بووە.
لە 28ی شوباتی 2026ـەوە ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشێکی هاوبەش و بەرفراوانیان کردە سەر ئێران کە 40 رۆژی خایاند و لەم هێرشانەدا زۆربەی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کران.

.jpg&w=3840&q=75)
