رووداو دیجیتاڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) رایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە چارەکی دووەمی ئەم ساڵدا. لە راپۆرتێکی نوێی ئاژانسەکەدا هاتووە، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی (EV) لە چارەکی دووەمدا بەراورد بە سێ مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 35٪ بەرزبووەتەوە و لە 50 وڵاتدا ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووە. بەگوێرەی راپۆرتەکە، قەیرانی وزە کە بەهۆی جەنگەکەوە دروست بووە، نرخی نەوتی لە نزیکەی 60 دۆلارەوە بۆ نزیکەی 120 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزکردووەتەوە. ئەمەش دوای ئەوەی ئێران لە کاردانەوەی هێرشەکانی مانگی شوباتی ئەمریکا و ئیسرائیل، گەمارۆی خستە سەر تەنگەی هورمز، کە پێنجیەکی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت. ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی ئەوەی ئۆتۆمبێل نیوەی بەکارهێنانی نەوتی جیهان پێکدەهێنێت، ئێستا خواست لەسەر ئۆتۆمبێلی کارەبایی وەک چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە سووتەمەنیی هاوردەکراو زیادیکردووە. لەم چوارچێوەیەشدا، چەند وڵاتێکی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا کە بەتووندی پشت بە هاوردەکردنی نەوت دەبەستن، لێخۆشبوونی باجی کاتییان بۆ هاندانی کڕینی ئەو ئۆتۆمبێلانە راگەیاندووە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی دەکات، فرۆشی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لەم ساڵدا 10٪ گەشە بکات و 29٪ـی کۆی گشتیی بازاڕی ئۆتۆمبێل پێکبهێنێت، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشبینی دەکرێت بازاڕی گشتیی ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2026ـدا پاشەکشە بکات. لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، کیشوەری ئەورووپا بە تۆمارکردنی گەشەی زیاتر لە 30٪ پێشەنگی بەرزبوونەوەی فرۆش بووە لە نیوەی یەکەمی ئەم ساڵدا، ئەمەش قەرەبووی ئەو دابەزینەی کردووەتەوە کە لە چارەکی یەکەمدا لە بازاڕە گەورەکانی وەک چین و ئەمریکا روویدابوو، کە هۆکارەکەی بۆ کەمکردنەوەی پاڵپشتییە داراییەکانی حکومەت و سستبوونی ئابووری دەگەڕایەوە.