رووداو دیجیتاڵ بەپێی ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، دراوی چاپکراوی عێراق تاوەکو مانگی ئایاری ئەمساڵ 113 تریلیۆن دیناری تێپەڕاندووە، بەڵام زیاتر لە 94٪ـی ئەو پارەیە لە دەرەوەی بانکە بازرگانییەکانە، ئەمەش کێشەی نەختینەی بۆ حکومەت دروستکردووە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمان چاپکردنی پارە بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نەختینە بە مەترسی بۆ سەر زیادبوونی هەڵاوسان دادەنێت. ئامارەکانی بانکی ناوەندی دەریدەخەن کە لە ساڵی 2004دا دراوی چاپکراوی عێراق تەنیا هەشت تریلیۆن و 20 ملیار و 524 ملیۆن دینار بووە. بەڵام لە مانگی ئایاری ئەمساڵ گەیشتووەتە 113 تریلیۆن و 560 ملیار و 250 ملیۆن دینار. واتە لە ماوەی 22 ساڵی رابردوودا قەبارەی چاپکردنی پارە 13 هێندە زیادیکردووە. لە 2026دا چاپکردنی پارە ریکۆردی تۆمارکردووە زۆرترین چاپکردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراق لە ساڵی 2026دا بووە، بەجۆرێک ریکۆردی سەرجەم ساڵەکانی پێشووی شکاندووە. لە دوایین مانگی پاردا، پارەی چاپکراوی عێراق گەیشتبووە 99 تریلیۆن و 798 ملیار و 657 ملیۆن دینار، بەڵام لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ زیادیکردووە بۆ 113 تریلیۆن و 560 ملیار و 250 ملیۆن دینار. واتە تەنیا لە ماوەی ئەو پێنج مانگەدا عێراق 13 تریلیۆن و 761 ملیار و 593 ملیۆن دیناری چاپکردووە. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق کاتێک دەکەوێتە کێشەی ئابوورییەوە، یەکێک لە رێگەچارەکان چاپکردنی پارەیە. ئێستا کە بڕێکی کەم نەوت هەناردەدەکرێت و داهات کەمە، هیچی دیکەیان لەبەردەست نییە جگە لە چاپکردنی پارە." 94٪ـی پارەی عێراق لە دەرەوەی بانکەکانە بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بە بڕی ئەو پارەیە داوە لەنێو بانکە بازرگانییەکانە یان لە دەرەوەی بانکەکانە، بەپێی داتاکانی بانکەکە لە کۆی زیاتر لە 113 تریلیۆن و 560 ملیار دینار، 106 تریلیۆن و 812 ملیار دیناری لە دەرەوەی بانکەکانە و تەنیا 6 تریلیۆن و 748 ملیار دیناری لەنێو بانکە بازرگانییەکاندایە. واتە 94٪ـی پارەی عێراق لە دەرەوەی بانکەکانە. ئەمەش دەریدەخات کە هێشتا متمانەی هاووڵاتییان بە سیستەمی بانکی بۆ سپاردنی پارەکانیان لە ئاستێکی نزمدایە. لە زانستی ئابووریدا چاپکردنی پارە بە بڕێکی زۆر واتە زیادبوونی هەڵاوسان، بەڵام جەمال کۆچەر پێیوانییە ئەمە بۆ عێراق راستبێت، ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێنێتەوە، یەکەم لەبەر ئەوەی بڕی زۆری پارەی چاپکراو لە گیرفانی خەڵکدایە نەک لە بانکەکان، دووەمیش، بازاڕی عێراق ئیش بە دینار ناکات، هەموو چاوەکان لەسەر دۆلارە. لە تابلۆی گۆڕینەوەی دراوەکاندا دینار نابینیت بەرامبەر دراوەکانی دیکە، تەنیا دۆلار هەیە. لە ساڵی 2012دا، لە کۆی نزیکەی 35.78 تریلیۆن دیناری چاپکراوی عێراق، نزیکەی 5.19 تریلیۆن دیناری لە بانکەکاندا بووە، واتە رێژەی متمانە بە بانک 14.51٪ بووە. بەڵام لە کۆتایی مانگی پێنجی ئەمساڵ ئەو متمانەیە دابەزیوە بۆ 5.64٪. ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە ساڵی 2012 لووتکەی متمانەی هاووڵاتییان بووە بە سیستەمی بانکی لە عێراقدا، چونکە لەوکاتەدا لە هەر 100 دینارێکی چاپکراو، پتر لە 14 دیناری لەناو بانکەکاندا بووە، بەڵام ئێستا لە هەر 100 دینارێک، کەمتر لە 6 دیناری لەناو بانکدایە. لەبارەی نەبوونی متمانەی عێراقییەکان بە بانکەکان جەمال کۆچەر دەڵێت، "کێشەکە لەوەدایە بەشی زۆری پارەکە دزراوە، یان سپیدەکرێتەوە. کەسانێک هەن ملیاران دیناریان هەیە، ناتوانن بیخەنە بانک، چونکە عێراق ئێستا چووەتە ناو سیستمی (سویفت)، هەر پارەیەک بچێتە بانک دەبێت سەرچاوەکەی دیاربێت. بەشێکی خاوەنی ئەو پارانە ناتوانن بڵێن ئەو پارەیەیان لەکوێ هێناوە، بۆیە لە ماڵەوە دایانناوە." جەمال کۆچەر هۆکارێکی دیکەی بۆ بانکە ئەهلییەکان گەڕاندەوە و گوتی، "متمانەیان نەماوە، زۆربەیان بلۆککراون و خەڵک دەترسێت پارەی تێدا دابنێت." چارەسەر؛ 'لابردنی سفرەکانی دینار یان دراوێکی نوێ' بەگوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندی تێبینیدەکرێت قەبارەی چاپکردنی دراو لە عێراق بە خێرایی هەڵکشاوە، لە ساڵی 2004دا تەنیا 8 تریلیۆن دینار بووە. لە ساڵی 2014دا گەیشتووەتە 39.8 تریلیۆن دینار. ساڵی 2021دا بازدانی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە 76.5 تریلیۆن دینار. ساڵی 2026 (مانگی ئایار) گەیشتووەتە لووتکە و 113.5 تریلیۆن دیناری تۆمارکردووە. بەپێی داتاکان، تەنیا لەنێوان ساڵانی 2022 بۆ 2026، حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بڕی 26 تریلیۆن دیناری نوێیان خستووەتە بازاڕەوە. زیادبوونی دراوی چاپکراو لە دەرەوەی بانکەکان، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی نەختینە لە بانکەکان و دروستبوونی گوشار لەسەر بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، چونکە کۆنترۆڵکردنی ئەو بڕە زەبەلاحەی پارە کە لە ماڵەکاندا کۆکراوەتەوە بۆ بانکەکان کارێکی ئەستەمە. سەبارەت بە رێگەچارەی بانکی ناوەندی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارانە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوەکرد، تەنیا لەرێگەی (سیستمی ئەلیکترۆنی و لابردنی سفرەکان) دەتوانرێت ئەو پارانە بگەڕێندرێنەوە. جەمال کۆچەر بە نموونەیەک زیاتر روونیکردەوە و گوتی، "بۆ نموونە دینارێکی نوێ دەربکەن و بڵێن هەرکەس دیناری کۆنی لایە تەنیا مانگێکی لەبەردەمدایە بیهێنێتەوە بۆ بانک و بیگۆڕێتەوە. ئەوکاتە هەموو خەڵک ناچار دەبێت پارەکەی بهێنێتە دەرەوە و حکومەت دەتوانێت هەژماری بانکییان بۆ بکاتەوە و پارەکە بگەڕێتەوە ناو سووڕی ئابووری خۆی. بەبێ ئەمە، هیچ پلانێکی دیکە سەرناگرێت."