رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو دەڵێ، لەسەر بەرنامەیەکی بەرفراوانی هاوکاریی تەکنیکی بۆ سووریا لەگەڵ ئەو ووڵاتە رێککەوتوون، ئەوەش لە کاتێکدایە حکومەتی نوێی ئەو وڵاتە خەریکی بنیاتنانەوەی ئابوورییەکەیەتی دوای زیاتر لە دە ساڵ لە شەڕی ناوخۆ.
شاندێکی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە 19ـی تەممووزەوە سەردانێکی پێنج رۆژەیان بۆ دیمەشق ئەنجامدا، ئەوەش دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2009وە شاندەکانی ئەو دامەزراوەیە گەڕانەوەیان بۆ سووریا دەستپێکرد.
رۆن ڤان رۆدن، بەرپرسی باڵای سندووقی نێودەوڵەتیی دراو کە سەرۆکایەتیی شاندەکەی دەکرد، گوتی: "بەهۆی پێداویستییە مرۆیی و گەشەپێدانە گەورەکانی، سووریا پێویستی بە پشتگیریی دارایی نێودەوڵەتیی بەهێز و خێرایە."
ئەو بەرپرسەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماژەی بەوەش کرد کە جێگیرکردنی ئاوارە و پەنابەرە گەڕاوەکان پێویستی بە هاوکارییەکە کە لە هاوکاریی مرۆیی تێپەڕێ و جەخت لەسەر رەخساندنی هەلی کار، باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و نۆژەنکردنەوەی خانوو و ژێرخان بکاتەوە.
بەپێی راگەیێندراوی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، شاندەکە لەگەڵ یوسر بارنییە، وەزیری دارایی و سەفوەت رەسڵان، پارێزگاری بانکی ناوەندی و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵا کۆبوونەتەوە.
ئابووریی سووریا بەهۆی 13 ساڵ شەڕەوە وێران بووە. دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لە کانوونی یەکەمی 2024 لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی پێشووی سووریا، ئەمریکا و هەندێک لە هاوپەیمانەکانی لەو کاتەوە ئاسانکارییان لە سزاکانی سەر سووریا کرد، بەڵام وەبەرهێنەران هێشتا بە وریاییەوە مامەڵە دەکەن. بانکی جیهانی مەزەندە دەکات کە تێچووی بنیاتنانەوەی سووریا دوای شەڕ بگاتە 216 ملیار دۆلار.
سووریا بە فەرمی داوای هاوکاریی دارایی لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو نەکردووە. ڤان رۆدن گوتی، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی دەسەڵاتداران بۆ باشکردنەوەی ئابووری .
بەرنامە تەکنیکییەکەی سندووقەکە هاوکاریی دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات لە چاکسازیی دارایی، کۆکردنەوەی داهات و بەڕێوەبردنی قەرزی گشتی. بەرنامەکە هەروەها جەخت لەسەر چاکسازیی کەرتی دارایی، ئامادەکردنی یاسا و رێسای نوێ، نۆژەنکردنەوەی کەرتی بانک و بەهێزکردنی کۆنترۆڵەکانی دژە سپیکردنەوەی پارە و دژە تیرۆر دەکاتەوە.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئاماژەی بەوە کردووە کە پێشکەوتن لە بواری شیکردنەوەی قەرزەکاندا هەیە، بەڵام ڤان رۆدن هۆشداری دا کە هێشتا کێشە لە داتا و زانیارییەکاندا هەیە و تیمی هاوکاریی تەکنیکی کار دەکات بۆ دروستکردنی سیستمێکی باشتر بۆ کۆکردنەوە و شیکردنەوەی داتا ئابوورییەکان.



