رووداو - دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە نزیکەی دوو ساڵ و نیوە، کار لەسەر رێککەوتنی نەوتی کەرکووک دەکات. راشیگەیاند، وڵاتەکەی دەبێتە هاوبەشی کێڵگە نەوتییەکانی ئەو پارێزگایە.
ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای تورکیا، وردەکاریی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ عێراق ئاشکرا کرد کە دوای سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەنقەرە و کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان ، کراوە. بە گوتەی بایراکتار، زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە سەرقاڵی ئەو رێککەوتنەن.
وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، پرۆژەی نەوتی کەرکووک بایەخێکی ستراتیژی هەیە و گوتی: "نزیکەی 100 ساڵ دوای کۆمپانیا بەریتانییەکان، ئێمەش دەبینە هاوبەشی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک. لەوێ لەگەڵ هاوبەشێکی بەریتانی و ئەمریکی کار دەکەین."
بایراکتار ئاماژەی بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردو گوتی: "بەپێی رێککەوتنەکە، رۆژانە 750 هەزار بەرمیل نەوتی عێراق لە رێگەی هێڵی بۆریی سلۆپی-جەیهان دەگوازرێتەوە. ئێمە دەتوانین توانای ئەم هێڵە بۆ 2 تاوەکو 2.5 ملیۆن بەرمیل بەرز بکەینەوە و هێڵەکە تاوەکو بەسرە درێژ بکەینەوە. بۆ ئەوەی ببێتە رێڕەوێکی جێگرەوەی تەنگەی هورمز."
ئاڵپئارسڵان بایراکتار راشیگەیاند، عێراق ئامادەیی نیشانداوە کە 1 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی رۆژانە بۆ پێویستیی ناوخۆیی تورکیا دابین دەکات.
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دا و رایگەیاند: "قەبارەی بازرگانیی ئێستامان لەگەڵ عێراق 17 ملیار دۆلارە و بە جێبەجێکردنی ئەم پرۆژانە، لە ماوەیەکی کورتدا بۆ 30 تاوەکو 35 ملیار دۆلار بەرز دەبێتەوە. هەروەها پلانمان هەیە لە رێگەی ژێرخانی خۆمانەوە گازی سروشتی رەوانەی عێراق بکەین بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا."
رۆژی 28ی تەمووزی 2026، لە ئەنقەرە کۆمپانیای بی پیی بەریتانی، لە 15٪ پشکەکانی خۆی لە کێڵگەکانی کەرکووک بە کۆمپانیای نەوتی تورکیا (TPAO) فرۆشت.
رێککەوتنی وزە لەنێوان عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا واژۆ کرا.
ململانێ و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی نێوان ئێران، ئیسرائیل و رۆژئاوا لە ناوچەکە و مەترسییەکانی سەر تەنگەی هورمز، وایکردووە وڵاتانی ناوچەکە پەنا ببەنە بەر رێڕەوی وشکانی و بۆرییە نەوتییە جێگرەوەکان. تورکیا دەیەوێت بە درێژکردنەوەی بۆریی هێڵی نەوت بۆ بەسڕە، وزەی کەنداو و عێراق بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.


