رووداو دیجیتاڵ
رۆژی سێشەممە نرخی نەوت جارێکی دیکە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی. هۆکارەکەشی بێئومێدییە لە کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە وایکردووە ترسی هەڵئاوسان دروستببێت و پێشبینی بکرێت ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی زیاد بکات.
لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا نرخی نەوتی خاو بەڕێژەی نزیکەی 10٪ بەرزبووەتەوە، چونکە سەرەڕای قسە گەشبینەکانی سەرەتای ئەم مانگەی کۆشکی سپی، بەڵام وا دیارە ئەمریکا و ئێران هیچ نزیک نەبوونەتەوە لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە.
هەڕەشە و مەرجە قورسەکانی ترەمپ
ئەوەی دۆخەکەی خراپتر کرد، لێدوانەکەی رۆژی دووشەممەی دۆناڵد ترەمپ بوو کە گوتی؛ لە چوارچێوەی هەر دانوستاندنـێکی ئاشتیدا، داوای قەرەبووی شەڕەکە لە ئێران دەکات، وەک باجی ئەو هێرش و کوشتارانەی کە بەگوتەی ئەو بۆ دەیان ساڵ دەگەڕێنەوە و تاران پاڵپشتیی کردوون یان ئەنجامیداون.
ئەم قسەیەی سەرۆکی ئەمریکا، وەڵامێکی راستەوخۆ بوو بۆ مەرجەکەی تاران، کە داوای قەرەبووی شەڕی لە ئەمریکا کردبوو وەک مەرجێکی پێشوەختە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ترەمپ رۆژێک پێشتر گوتبووی دەیەوێت بە "هێمنی" مامەڵە لەگەڵ ململانێکاندا بکات، واتە لەبری هێرشی سەربازی، پشت بە گوشاری ئابووری دەبەستێت. بەڵام ئەم شەڕە قسەیەی نێوانیان، گەیشتن بە رێککەوتنێکی خێرای زۆر دوورخستووەتەوە و هەر بۆیە رۆژی دووشەممە نرخی هەردوو جۆرە سەرەکییەکەی نەوت بەڕێژەی نزیکەی 5٪ بەرزبووەوە و رۆژی سێشەممەش بەردەوام بوو.
جەیسن وۆنگ لە کۆمپانیای (BNZ) دەڵێت: "لەبەر نەبوونی هیچ هەواڵێکی ئەرێنی لە دانوستاندنـەکاندا بۆ کردنەوەی تەنگەکە، گوشارەکان بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت."
ستیڤن ئینێس، ستراتیژیستی جیهانیش پێیوایە "هەردوولا دەیانەوێت بەبێ تەقاندنی هیچ فیشەکێک، بەرمیلە نەوتەکە وەک چەک بەکاربهێنن. واشنتن دەیەوێت رێگری لە فرۆشتنی نەوتی ئێران بکات، ئێرانیش ئەو دەمارەی خنکاندووە کە نەوتی هەموو وڵاتەکانی دیکەی پێدا تێدەپەڕێت."
مەترسیی ئابووری و دابەزینی بازاڕەکان
ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی نەوت، ترسی گرانبوونی شتومەکی هێناوەتەوە ئاراوە. چاودێران چاوەڕێی ئامارەکانی هەڵئاوسانی ئەمریکا دەکەن کە رۆژی چوارشەممە بڵاودەکرێنەوە و کاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمریکا بۆ زیادکردنی رێژەی سوود.
بەهۆی ئەم نادڵنیاییەوە، بازاڕەکانی پشک لە ئاسیا بەرز و نزمییان بەخۆیەوە بینی؛ پشکەکان لە شانگهای، تایپێ و مانیلا دابەزین، بەڵام لە هۆنگ کۆنگ و سەنگاپوور کەمێک بەرزبوونەوە. (لە تۆکیۆش بەهۆی پشووی فەرمییەوە بازاڕ داخراو بوو).



