رووداو دیجیتاڵ لە سێیەم رۆژی پێشانگەی نێودەوڵەتیی بیناسازی لە هەولێر، ئامادەییی کۆمپانیا ئێرانییەکان بەرچاو بوو، بەڵام سزاکان، قەیرانی ئابووری و گرفتەکانی دەستخستنی کەرەستەی خاو، کاریگەرییان لەسەر ئاستی بەشدارییان دروست کردووە. یەکێک لە کۆمپانیا بەشدارەکان لقی سەرەکی لە قەزوینە و 55 ساڵە لە بواری بەرهەمهێنانی کاشیدا کار دەکات؛ هەروەها 13 ساڵە لە هەولێر و سلێمانی لقی هەیە. عەلی سەمیعی، بەڕێوەبەری بەشی هەناردەکردن لە کۆمپانیاکە بە رووداوی راگەیاند: "ئەم سزایانە هەمیشە هەبوون و شتێکی نوێ نین؛ تاوەکو کاتێکیش ڕێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا یەکلایی نەبێتەوە، ئابڵۆقەکان بەردەوام دەبن. بەڵام کۆمپانیاکان لەگەڵ ئەم دۆخە ڕاهاتوون و لە چالاکییەکانیان بەردەوامن." کۆمپانیایەکی دیکەی ئێرانی کە 30 ساڵە لە بواری پۆڵا و پیشەسازیی کانزاکان لە ئیسفەهان کار دەکات، 70%ی کەرەستەی خاوی خۆیان بەرهەم دەهێنن و 30%ی لە چین، تورکیا و هیندستانەوە هاوردە دەکەن؛ بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە تێچووی بەرهەمهێنانیان 25% گرانتر بووە. پەرویز خانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەبارەی ئاستەنگییەکانەوە بە رووداوی گوت: "بەپێی ئەوەی لە کەنداوی فارس تووشی کێشە بووین و هاوردەکردن زەحمەت بووە، ناچارین ڕێگەی جێگرەوە لە عێراق، تورکیا و ئەفغانستان بەکار بێنین. ئەمەش تێچووی زیاتری هەیە و ئاستی قازانجمانی دابەزاندووە؛ بەشێکیش لە گرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی خەڵک تاوەکو تووشی قەیران نەبین." ئەمساڵ تەنیا 7 کۆمپانیای ئێران لە پێشانگەی بیناسازی بەشدار بوون، کە بەراورد بە ساڵانی رابردوو ڕێژەی بەشدارییان 70% کەمی کردووە. سروشت سازانی، نوێنەری ژووری بازرگانیی عێراق – ئێران لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەردوولا بە رووداوی راگەیاند، سەرڕای بوونی سزاکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان ساڵانە دەگاتە 12 ملیار دۆلار و کۆمپانیا ئێرانییەکان چاویان لەوەیە بازرگانی و وەبەرهێنانی زیاتر لە هەرێمی کوردستان بکەن.