رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ کەمێک رووی لە بەرزبوونەوە کرد، لە کاتێکدا بازرگانان هەڵسەنگاندن بۆ راگەیێندراوەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی دەستپێکردنی دەستبەجێی ئاگربەستی کەرتی وزە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەکەن.
ئەمە لە کاتێکدایە دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، مەترسیی زیاتربوونی گوشارەکانی هەڵاوسانی دروستکردووە.
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 0.3% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4,206.86 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بە رێژەی 1.3% بەرزبوونەوەی تۆمارکردبوو.
هەرچەندە دوای چەند کاژێرێک لە مامەڵەکان، نرخی زێڕ کەمێک پاشەکشەی کرد و گەڕایەوە بۆ نزیکەی 4200 دۆلار.
ترەمپ رایگەیاند، ئاگربەستی کەرتی وزە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستبەجێ چووەتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەمەش هیوای بۆ کەمبوونەوەی تەنگەژەی خستنەڕووی سووتەمەنی لە جیهاندا دروستکرد. ترەمپ پێشتر داوای لە ڤلادیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا کردبوو هێرشەکانی سەر پاڵاوگەکانی رووسیا رابگرێت و ئاماژەی بەوەش کردبوو مۆسکۆ رازی بووە گازوایل بۆ بازاڕەکانی جیهان دابین بکات.
سەرەڕای ئەوەش، دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەڕەشە لە ئاسایشی وزە دەکات.
رۆژی یەکشەممە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شا خالید لە ریاز جارێکی دیکە کەوتە بەر هێرشی حووسییەکان، ئەمەش رۆژێک دوای ئەوە هات کە لە هێرشێکدا بۆ سەر هەمان فڕۆکەخانە 12 کەس کوژران و زیاتر لە 300 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە خوێناویترین هێرش بوو بۆ سەر سعودیە لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە.
ئەم پەرەسەندنانە نیگەرانییەکانی لەبارەی فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە، کە دەکرێت ببێتە هۆی گرانبوونی نرخی وزە و پاڵ بە بانکە ناوەندییەکانەوە بنێت بۆ تووندکردنەوەی زیاتری سیاسەتی نەختی.
هەرچەندە نرخی نەوت کەمێک دابەزیوە، بەڵام نرخی زێڕ لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، نزیکەی 20٪ـی بەهای خۆی لەدەستداوە. بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و مەترسیی هەڵاوسانی بەرفراوان وای لە بەشێک لە بانکە ناوەندییەکان کردووە رێژەی سوود بەرزبکەنەوە، ئەوەش بایەخی زێڕی بۆ وەبەرهێنان کەمکردووەتەوە.
شرۆڤەکارانی سەر بە بانکی (ANZ) ئاماژەیان بەوە کردووە، بەرزبوونەوەی ئەم دواییەی نرخی زێڕ بەهۆی زیادبوونی خواستی وەبەرهێنانە، بە جۆرێک بەپێی داتاکانی بلومبێرگ، هاتنەناوەوەی سەرمایە بۆ نێو سندووقەکانی زێڕ گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی چوار ساڵی رابردوو.
شرۆڤەکاران ئەم خواستەی وەبەرهێنەرانیان بەستووەتەوە بە زیادبوونی گوشارە داراییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەت نیگەرانییەکان لەبارەی بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەرزی وڵاتان. هاوکات بانکە ناوەندییەکانیش لە زیادکردنی یەدەگی زێڕی خۆیان بەردەوامن. بانکی گەلی چین کە رۆڵی (بانکی ناوەندی) ئەو وڵاتە دەبینێت لە مانگی ئەیلوولدا 740 هەزار ئۆنسە زێڕی بۆ یەدەگەکەی زیادکردووە، بەوەش زنجیرەی کڕینی زێڕی بۆ 23ـەمین مانگی لەسەریەک درێژکردەوە.
سەرەڕای ئەوەش، بانکی ANZ هۆشداریداوە لەوەی مەترسییەکانی هەڵاوسان دەکرێت رێگری لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان بکەن ئەگەر ببنە هۆی ئەوەی بانکی ناوەندی ئەمریکا. سیاسەتی نەختی تووندتر بکات.


