رووداو دیجیتاڵ
داهاتی نانەوتیی عێراق تاوەکو مانگی تەممووزی 2026 بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025، بڕی 1.7 تریلیۆن دینار زیادیکردووە، ئەمەش گەشەیەک بە رێژەی 23.5% نیشان دەدات. سەرۆکی دەستەی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکانی عێراق دەڵێ، لە 6 مانگی سەرەتای ئەم ساڵ دا هەرێمی کوردستان 383 ملیار دیناری گەڕاندووەتە گەنجینەی دەوڵەت.
سۆزان عەبدوڵڵا محەممەد، سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان لە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 12ی تشرینی یەکەمی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەپێی بڵاوکراوەی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی بۆ ساڵی 2026، داهاتی نانەوتیی عێراق تاوەکو تەممووزی ئەم ساڵ گەیشتووەتە نزیکەی 8.7 تریلیۆن دیناری عێراقی. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەمان ماوەی ساڵی 2025ـدا نزیکەی 7 تریلیۆن دینار بوو.
سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەکان ئاماژەی بەوەکرد، داهاتە نانەوتییەکان نزیکەی 22%ی کۆی داهاتە فیدراڵییەکانی عێراق پێکدەهێنن تاوەکو مانگی تەممووزی 2026، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی تەواوەتیی بە بودجەی گشتی بە داهاتی نەوت.
سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان روونیکردەوە: "ئەم ژمارانە سەرەتایین و پێویستە پێش ئەوەی بە فەرمی پەسند بکرێن، لەگەڵ داتاکانی وەزارەتی دارایی و لایەنەکانی دیکە بەراورد بکرێن، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەرچاوە و شێوازی کۆکردنەوە و خستنە نێو گەنجینەی دەوڵەت."
سۆزان عەبدوڵڵا محەممەد گوتیشی: "بەرپرسیارێتیی چاودێریی ئێمە تەنیا لە قەبارەی داهاتەکاندا ناوەستێت، بەڵکو دڵنیابوونەوە لە دروستیی تەرخانکردنی بەپێی پێوەرە دەستووری و یاساییەکانیش دەگرێتەوە، بەجۆرێک کە دادپەروەریی دارایی بەهێز بکات و پارەی گشتی بپارێزێ."
سەبارەت بە قەبارەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجینەی فیدراڵی، سەرۆکی دەستەی گشتیی چاودێریی تەرخانکردنی داهاتە فیدراڵییەکان گوتی:" هەرێمی کوردستان لە 1ی کانوونی دووەم ئەم ساڵەوە تاوەکو 30ی مانگی تەمموزی ئەم ساڵ، 383 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی گەڕاندوەتەوە گەنجینەی دەوڵەت".


