رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ سێشەممە، هەرچەندە سەرەتا بازاڕی زێڕ بە دابەزین کرایەوە، بەڵام لە دوای چەند کاژێرێک نرخی زێڕ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە نزیکەی 4190 دۆلار.
سەرەڕای ئەوەش، هێشتا پەرەسەندنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نیگەرانییەکانی لەبارەی پەککەوتنی زیاتری خستنەڕووی وزە زیادکردووە. ئەوەش مەترسییەکانی هەڵاوسانی بە بەرزی هێشتووەتەوە و پاڵپشتی لە مانەوەی سیاسەتی نەختی تووند و بەرزمانەوەی رێژەی سوودی بانکی دەکات.
ئەمانە بوونە هۆکار بۆ ئەوەی نرخی زێڕ دوێنێ نزیکەی 0.5٪ دابەزێت، بەڵام ئەمڕۆ دابەزینی بەهای دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا، بوونە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا لە سەرووی 5٪ ماوەتەوە و ئەوەش بەپێی شرۆڤەکاران هۆکارە بۆ ئەوەی بەرزبوونەوەکانی نرخی زێڕ سنوورداربن.
بازرگانان چاوەڕوانی بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسانی ئەمریکان کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە رابگەیێندرێت، بۆ وەرگرتنی ئاماژەی روون سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی سیاسەتی نەختی بانکی ناوەندیی.
بێس هاماک، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا لقی کلیڤلاند رۆژی دووشەممە رایگەیاند، دەستکاریکردنی بچووکتر و بەردەوامتری سیاسەتی نەختینەیی دەتوانێت هاوکار بێت لە کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسان. هاماک بە روونی پاڵپشتیی خۆی بۆ بەرزکردنەوەی سوود لە مانگی تشرینی یەکەمدا رانەگەیاند.


