رووداو دیجیتاڵ
دوو رۆژە بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین و بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ 100 دۆلار هەزار دیناری دیکەی چووە سەر.
حاجی سابیر باواجی، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە 13-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "100 دۆلار بەرزبووەوە بۆ 166 هەزار دینار."
هاوشێوەی هەولێر، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی 100 دۆلار گەیشتە 166 هەزار دینار.
دوێنێ لە کاتی کردنەوەی بازاڕ 100 دۆلار گەیشتە 165 هەزار دینار، رۆژێک پێش ئەوە 100 دۆلار بە 163 هەزار و 750 دینار بوو.
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر گوتی: "بڕیار بوو سەرۆکوەزیرانی عێراق دۆلاری زۆر بخاتە بازاڕەوە هێشتا هیچی وا رووی نەداوە، هەروەها پێدانی دۆلار لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا بە بازرگانان وەکو پێشتر ئاستەنگی بۆ دروست دەکرێت."
چوارشەممە 07-10-2026، بانکی ناوەندیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەهای نوێی دیناریان بەرامبەر دۆلار دیاری کرد، کە رۆژی پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو و لەمەودوا بە شێوەیەک دەبێت، کە 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار دەدرێتە بازرگانان و هاووڵاتییان.
پێش ئەو بڕیارە، 100 دۆلار بە نرخی فەرمیی بانکی ناوەندی بە 132 هەزار دینار بوو، لە بازاڕەکاندا بە زیاتر لە 150 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرا.


