رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە کرد، ئەمەش سەرەرای ئەوەی بڵاوبوونەوەی ئامارە بەرزەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا کەبووە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان لەبارەی ئەگەری بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
نرخی زێڕ لەدوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا بە رێژەی 1% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4150 دۆلار.
رۆژی چوارشەممە نرخی زێڕ لە دەوروبەری 4,105 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک مامەڵەی پێوەدەکرا، ئەمەش دوای ئەوەی شەپۆلێکی فرۆشتن نرخەکەی بە رێژەی زیاتر لە 1.6% دابەزاند و هەڕەشەی شکاندنی ئاستی 4,000 دۆلاری دروستکرد.
داتاکانی نووسینگەی ئاماری کاری ئەمریکا دەریانخستووە کە پێنوێنیی نرخەکانی بەکاربەر (CPI) لە مانگی ئەیلوول دا لەسەر بنەمای مانگانە بە رێژەی 0.6% بەرزبووەتەوە، کە ئەمەش خێراترین ئاستی بەرزبوونەوەیە لە دوای مانگی نیسانەوە و هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ بەرزبوونەوەی تێچووی وزە دەگەڕێتەوە.
ئەم ئامارە بەرزانەی هەڵاوسان وایان لە وەبەرهێنەران کرد پێشبینییەکانیان بۆ ئەگەری بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی بانکی ناوەندی بۆ نزیکەی 30% زیاد بکەن. لە دوای پەککەوتنی خستنەڕووی وزە بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، زێڕ زیاتر لە 20%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە، چونکە ئەم قەیرانە بووە هۆی هەڵکشانی هەڵاوسانی جیهانی و بەرزکردنەوەی رێژەی سوود لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە.
ئۆستن گووڵسبی، سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا لقی شیکاگۆ ئامارە نوێیەکانی هەڵاوسانی بە نائومێدکەر وەسفکرد و هۆشداری دا لەوەی وەبەرهێنان لە ژێرخانی پەیوەست بە ژیریی دەستکردیش، دەکرێت رۆڵی هەبێت لە بەرزکردنەوەی هەڵاوسان و ئاماژەی بەوەش کرد کە هێشتا زووە بزانرێت ئایا رێژەی سوود لە ئاستێکدایە کە هەڵاوسان بگێڕێتەوە بۆ ئاستی ئامانجکراوی 2% یان نا.
ئێستا چاوی وەبەرهێنەران لەسەر پەیامەکانی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکایە، پێش ئەوەی بانکەکە رۆژی شەممە بچێتە قۆناخی بێدەنگیی میدیاییەوە بۆ کۆبوونەوەی دیاریکردنی سیاسەتی نەختی لە 27 و 28ـی تشرینی یەکەم. بڕیارە درەنگانی رۆژی پێنجشەممە بە کاتی نیویۆرک، وارش لە میانی کۆبوونەوەکانی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو لە بانکۆک وتارێک پێشکەش بکات.
سەرەڕای دابەزینە خێراکەی ئەم دواییە، ڕیک کاندا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (The Gold Bullion Company) رایگەیاند، ئەدای زێڕ لە ساڵی 2027دا بەندە بە بەردەوامی خواستی بانکە ناوەندییەکان، ئاراستەی داهاتووی رێژەی سوود و دۆلار، و مانەوەی ئارەزووی وەبەرهێنەران بۆ پەناگە ئارامەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان لە ئارادایە، ناوبراو هۆشداریدا لەوەی پێویستە پێشبینییەکان وەک خەمڵاندن سەیر بکرێن نەک گەرەنتی.


.png&w=3840&q=75)
