رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای گەڵف کیستۆن پێترۆلیۆم (GKP) بڵاویکردەوە، لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە یەکەمین باری نەوت بۆ قەرەبووکردنەوە و رێکخستنەوەی فرۆشی نەوتی هەناردەکراوی چارەکی چوارەمی ساڵی 2025 بە نرخە نێودەوڵەتییەکان تەرخان کراوە و وەرگیراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2026، کۆمپانیای گەڵف کیستۆن لە راگەیێندراوێکی فەرمی دا رایگەیاند، ئەم بارە نەوتە زیادانە (top-up barrels) لە چوارچێوەی رێککەوتنی سیانیی کاتیی نێوان کۆمپانیا نەوتییەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دا دراون و دەستپێکێکە بۆ دانەوەی قەرز و شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی کۆمپانیاکە.
جان هارس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گەڵف کیستۆن لەبارەی ئەم هەنگاوەوە گوتی: "دەستپێکردنی پرۆسەی پێدانی پارەی قەرەبوو، وەرچەرخانێکی ئەرێنی و گرنگە بۆ کۆمپانیاکە و پیشەسازیی نەوتی کوردستان."
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش دا، وەرگرتنی تەواوی شایستە داراییەکانی گرێبەستەکانی بەشداریکردن لە بەرهەمهێنان (PSC) بە نرخە جیهانییەکان، بە تەواوی لەگەڵ یاسای هەموارکراوی بودجەی عێراق و گرێبەستەکانیان گونجاوە. گوتیشی: "پێشوازی لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق دەکەین لە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوەدا، کە پێگەی عێراق و هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ وەبەرهێنانی نەوتی نێودەوڵەتی بەهێزتر دەکات."
گەڵف کیستۆن دووپاتیشیکردەوە کە بەپێی دانانی ئەم بنەمایە بۆ پارەدان، کۆمپانیاکە بەردەوام دەبێت لە بەدواداچوون بۆ وەرگرتنەوەی قەرز و شایستەکانی، ئەم پارەدانە سەرەتاییەش دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ بەهێزکردنی کارەکانی کۆمپانیاکە لەپێناو پەرەپێدانی زیاتری یەدەگە گەورە و کەم-تێچووەکانی کێڵگەی نەوتی شێخان.
.png&w=3840&q=75)


