رووداو دیجیتاڵ
بەراورد بە 10 رۆژ لەمەوبەر، یەک لیتر گازی شل (LPG) نزیکەی 200 دینار دابەزی، بەو ێیە بوتڵێک گازی بازرگانی لە نزیکەی 16 هەزار دینارەوە بۆ نزیکەی 12 هەزار دینار دابەزی.
جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەمڕۆ هەینی 16-10-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ لیتری گازی شل بە 525 دینار دەفرۆشرێت".
6ی ئەم مانگە، لیترێک گازی شل کە بە گازی ماڵانیش دەناسرێت، لە هەولێر 710 دینار بوو. لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخەکەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر گوتی، دابەزینی نرخ بەهۆی خستنەڕوو و خواستی بازاڕەوەیە.
دابەزینی نرخی گازی شل لەکاتێکدایە، لە 02-10-2026ـەوە بەهۆی چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە پارێزگای سلێمانی کە سەرچاوەی سەرەکیی گازی هەرێمی کوردستانە، بەرهەمهێنانی گاز نزیکەی 30% کەم بووەتەوە و بڕیارە کەمبوونەوەکە تاوەکو یەک مانگ بەردەوام بێت.
هەر بوتڵێک گازی ماڵان نزیکەی 22 لیتری تێدەکرێت، بەگوێرەی نرخی ئەمڕۆ، یەک بوتڵی بازرگانی لە هەولێر 11 هەزار و 500 دینار دەبێت، لەکاتێکدا سەرەتای ئەم مانگە نزیکەی 16 هەزار دینار بوو.
پێش کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی گاز، عومەر عەبدوڵڵا، بەرپرسی دابەشکردنی گاز لە سلێمانی، ئەمڕۆ بە رووداوی گوت: "گازی باش کۆگە کراوە، تاوەکو دوو مانگی دیکەش چاکسازیی کۆرمۆر تەواو نەبێت ئێمە کێشەی دابەشکردنی گازی ماڵانمان نابێت".
سالار محەممەد، بەرپرسی دابەشکردن و پشکنین لە نەوت و کانزاکانی هەولێر بە رووداوی گوت، ئاگادار بوون چاکسازی لە کێڵگەی کۆرمۆر دەکرێت بۆیە ئامادەکاریی پێویستیان کردووە و کۆگەکانیان پڕکردووە لە گازی شل.



.png&w=3840&q=75)