رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە لێکەوتە نەرێنییەکانی کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەدات و رایدەگەیێنێت، مەترسییەکە زۆر لە بودجە و مووچە گەورەترە و دەبێتەهۆی کەمبوونەوەی قورسایی و نوێنەرایەتیی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە لەدەستدانی نزیکەی پێنج کورسی.
ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات، کەمکردنەوەی رێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە 14.14٪ بۆ 12.7٪ تەنیا پرسێکی دارایی نییە، بەڵکو دەتوانێت کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر کەمکردنەوەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دروستبکات.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران پشت بە دەقی مادەی 49ـی دەستووری عێراق دەبەستێت کە دەڵێت: "ئەنجوومەنی نوێنەران لە ژمارەیەک ئەندام پێکدێت بە رێژەی یەک کورسی بۆ هەر 100 هەزار کەس لە دانیشتووانی عێراق"، بەوپێیەش ژمارەی دانیشتووان بنەمایەکی دەستوورییە بۆ دیاریکردنی قەبارەی نوێنەرایەتی لە پەرلەماندا.
ئامانج رەحیم لە شیکارییەکی ورددا بۆ ئەنجامی ئەو کەمکردنەوەیە لەسەر کۆی 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق، روونی دەکاتەوە:
- بەپێی رێژەی 14.14٪: پشکی هەرێمی کوردستان لە پەرلەمان نزیکەی 47 کورسی دەبێت.
- بەپێی رێژەی 12.7٪: پشکی هەرێمی کوردستان بۆ نزیکەی 42 کورسی کەمدەبێتەوە.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێت: "ئەم هاوکێشەیە واتە ئەگەری لەدەستدانی نزیکەی پێنج کورسیی پەرلەمانی لە بەغدا."
ئامانج رەحیم جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم شیکارییە تەنیا گریمانەیەکی ژمێریارییە نەوەکک بڕیارێکی یاسایی لەم ساتەدا بۆ کەمکردنەوەی کورسییەکان، بەڵام هاوکات زەنگێکی هۆشدارییە و نیشاندەری ئەو مەترسییە دەستووری و سیاسییە گەورەیەیە لە داهاتوودا بەسەر پێگەی هەرێمی کوردستاندا دێت.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ: "پاراستنی رێژەی راستەقینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، تەنیا پاراستنی بەشەبودجە و پارە نییە، بەڵکو پاراستنی دەنگ، پێگە و نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستانە لە دامەزراوە دەستوورییەکانی دەوڵەتی عێراقدا."


