رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوەیەکی زانستی باس لەوە دەکات کە نرخی هەندێک لە بەرهەمەکانی وەک گەنم، سێو و گێزەر بەراورد بە دەیەی شەستەکانی سەتەی رابردوو بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام بەرهەمەکان هەمان کواڵیتی رابردوویشیان نییە.
بەپێی توێژینەوەکە کە لەلایەن پەیمانگەی توێژینەوەی Deep Science Venturesی بەریتانی ئەنجامدراوە، ئێستا خەڵک پێویستە دوو هێندەی 60 ساڵ لەمەوبەر سەوزە و میوە بخۆن بۆ ئەوەی هەمان بڕی کانزاکانی وەک پۆتاسیۆم، مەگنیسیۆم یان مسیان دەستبکەوێ.
توێژینەوەکە باس لەوە دەکات، بەشێک لە بەرهەمەکانی وەک گەنم، گێزەر و سێو 20% بۆ 50%ـی پێکهاتە خۆراکییە سەرەکییەکانیان لەدەستداوە.
زیادکردنی بەرهەم لەسەر حیسابی کواڵیتی خۆراک
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات، بۆ چەندین دەیە پەرەپێدانی کشتوکاڵی تەنیا لەسەر زیادکردنی بڕی بەرهەم چڕبووەتەوە نەوەک بەها خۆراکییەکەی.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، لە ساڵانی شەستەکانەوە بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لە هەر هێکتارێکدا بە رێژەی 215% زیادیکردووە، ئەمەش کەمخۆراکی لە وڵاتانی تازەپێگەیشتوودا لە 35%ـەوە بۆ 12% دابەزاندووە، بەڵام ئەم فراوانبوونە بەهای مادە خۆراکییەکانی نێو بەرهەمەکانی لاواز کردووە.
ویل سەمەرز، سەرپەرشتیاری بەشی کەشوهەوا لە پەیمانگەکە بە رووداوی گوت: "بۆ 60 ساڵ ئاسایشی خۆراکمان بە کالۆری و تەنی بەرهەمهاتوو لە هەر هێکتارێکدا دەپێوا، بەڵام بە بێدەنگی ناواخن و بەهای خۆراکەکانمان بەتاڵ کردووە"؛ ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە پێداچوونەیەوەکی گشتی و دیار بە بەرهەمهێنانی خۆراکدا بکرێ.
دابەزینی زینک و سیلینیۆم؛ کاریگەرییە تەندروستییە مەترسیدارەکان
بەگوێرەی ئامارەکانی توێژینەوەکە، کەمتر لە سێیەکی ئەو جۆرانەی گەنم کە لە دەیەی 1960ـەوە بەرهەمهێنراون، دەتوانن ئاستی پێویستی رۆژانەی کانزای زینک دابین بکەن.
هەروەها سەبارەت بە مادەی سیلینیۆم، کە گرنگە بۆ بەرگریی جەستە و لە دانەوێڵەکاندا هەیە، ئێستا ژنان پێویستە چوار لەفە نانی تەواو (سەموونی ئاردی بۆر) بخۆن تاوەکو تەنیا یەک لەسەر سێی پێداویستیی رۆژانەی ئەو مادەیەیان دەستبکەوێت.
پزیشکان هۆشداری دەدەن کە ئەم کەمبوونەوەیە کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی هەیە:
کەمیی سیلینیۆم: سیستمی بەرگری لاواز دەکات و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات
کەمیی زینک: زیان بە تەندروستیی پێست، قژ و بەرگریی لەش دەگەیەنێت
کەمیی ئاسن: دەبێتە هۆی کەم خوێنیی و ئەمەش دەبێتە شەکەتی و لاوازبوونی تەرکیز
کەمیی پۆتاسیۆم: دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، ئەمەش مەترسیی جەڵتەی مێشک بە رێژەی تاوەکو 21% بەرز دەکاتەوە؛ نەخۆشییەک کە تەنیا لە بەریتانیا ساڵانە نزیکەی 26 ملیار پاوەند لە کەرتی تەندروستیدا تێچووی هەیە.
دەرمانی دابەزاندنی کێش و هەڕەشە لە ملیۆنان کەس
توێژەران هۆشداری لە مەترسییەکی نوێ دەدەن و رایدەگەیێنن کە هاوکاتبوونی دابەزینی بەهای خۆراکی لە سەوزە و میوەکان لەگەڵ بەربڵاوبوونی دەرمانەکانی دابەزاندنی کێش (وەک ئۆزەمپیک و مۆنجارۆ)، رەنگە نزیکەی پێنج ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە بەریتانیا رووبەڕووی دابەزینی ئاستی ڤیتامین و کانزا بنەڕەتییەکان لە جەستەیاندا بکاتەوە، چونکە ئەم دەرمانانە وادەکەن مرۆڤ کەمتر نان بخوات، کاتێک خواردنەکەش خۆی بەهای خۆراکی کەم بێت، کێشەی تەندروستیی گەورەتر دروست دەبێت.
لە جیهاندا زیاتر لە دوو ملیار کەس بەدەست کەمیی کانزا و پێکهاتە خۆراکییە سەرەکییەکانەوە دەناڵێنن، تەنانەت لە وڵاتانی وەک بەریتانیا و ئەمریکاش کە پارێزی خۆراکییان رەنگە کالۆریی زۆری تێدابێت، بەڵام لە مادە سەرەکییەکانی وەک فۆلیک ئەسید و سیلینیۆم هەژارە.
چارەسەر لە بنکۆڵکردنەوە و چاککردنی خاکدایە
پسپۆڕان جەخت لەوە دەکەنەوە کە چارەسەری بنەڕەتی لە چاککردنەوەی خاکی کشتوکاڵیدایە.
سیان فێرگسۆن، بەرپرسی باڵا لە دامەزراوەی "مارک لیۆنارد ترەست" لەو بارەیەوە دەڵێت: "خاکی تەندروست بنەمای خۆراکی تەندروستە. ئەم راپۆرتە دەیسەلمێنێت کە بنیاتنانەوەی تەندروستیی خاک یەکێکە لەو هەنگاوە دەگمەنانەی کە دەتوانێت لە یەک کاتدا چڕیی خۆراکی لە بەرهەمەکان، بڕی بەرهەمهێنان و بەرگەگرتنی کەشوهەوا باشتر بکات و جووتیارانیش دەتوانن بە شێوەیەکی قازانجدار و گونجاو لەمڕۆوە جێبەجێی بکەن."


