رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ یەکشەممە، نرخی بیتکۆین کەمێک لە زیانەکانی چەند رۆژی رابردووی خۆی قەرەبوو کردەوە و یەک بیتکۆین بە 81 هەزار و 800 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بیتکۆین دوای ئەوەی لەم هەفتەیەدا بۆ کەمتر لە 80 هەزار دۆلار دابەزی، هەوڵی بەرزبوونەوە و قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی دەدات. رۆژی هەینی ئەم دراوە دیجیتاڵییە لە دەوروبەری 82 هەزار دۆلاردا مامەڵەی پێوەکرا، ئەوەش وایکردووە کڕیاران چاویان لە بەرزبوونەوەیەکی 30% بێت کە نرخەکەی بۆ سەرووی 106 هەزار دۆلار دەبات؛ هەرچەندە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هاتنەناوەوەی سەرمایەی نوێ و بووژانەوەیەکی بەردەوام هەیە.
رۆژی پێنجشەممە بەهای بیتکۆین بۆ ماوەیەکی کاتی بۆ نزیکەی 79,770 دۆلار دابەزی پێش ئەوەی دووبارە بەرزببێتەوە. ئامارە بەرزەکانی هەڵاوسان لە ئەمریکا و ترسی بەرزبوونەوەی زیاتری رێژەی سوودی بانکی، وایان لە بازرگانان کردووە دوودڵ بن لە کڕینی ئەو سەرمایانەی هەڵبەز و دابەزی خێرایان هەیە، بە جۆرێک تەنانەت گەورەترین دراوی دیجیتاڵیش نەیتوانیوە لەژێر ئەم گوشارە دەربازی بێت.
هەڵکشانێکی 30% لە ئاستی 82 هەزار دۆلارەوە، بەهای بیتکۆین دەگەیێنێتە نزیکەی 106,600 دۆلار، بەڵام بۆ ئەوەی بیتکۆین بەم رێڕۆیەدا سەربکەوێت، پێویستی بە هاتنەناوەوەی بەردەوامی سەرمایەی نوێ هەیە. کڕینی پشکی سندووقەکانی بیتکۆین (ETF) و هێوربوونەوەی دۆخی ئابووریی جیهان یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەم هەڵکشانە، بەڵام هیچ کام لەم هۆکارانە گەرەنتی نەکراون.



