رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی سەڵاحەدین دەڵێ، پلانێکی بەرفراوان بۆ زیادکردنی نەوتی کێڵگەی حەمرین لە 20 هەزار بەرمیلەوە بۆ 140 هەزار بەرمیلی رۆژانە لە جێبەجێکردندایە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە گرێبەستی پەرەپێدانی کێڵگەی گاز و نەوتی عەجیل بۆ پەسندکردن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کراوە.
رۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی سەڵاحەدین سەر بە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کێڵگە نەوتییەکانمان لە کاتی خۆیدا رووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر گەورە بوونەوە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، بەڵام لە چوارچێوەی پڕۆژەی نوێی پەرەپێداندا ژمارەیەکی زۆر لە بیرە نەوتەکان نۆژەن دەکرێنەوە و بیرە نەوتیی گەورەی نوێ لێدەدرێن."
بەرهەمی کێڵگەی حەمرین دەگاتە 140 هەزار بەرمیل
سەبارەت بە ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەی حەمرین، بەڕێوەبەری دەستەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانی سەڵاحەدین گوتی: "کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای HNK ئەمریکییەوە بەڕێوەدەبرێ و پەرەی پێدەدرێ، ئامانجەکە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانە لە 20 تاوەکو 22 هەزار بەرمیلی ئێستا بۆ 140 هەزار بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش بڕێکی زۆر گەورەیە و پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ ئابووریی عێراق دروست دەکات."
لەبارەی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکە، عامر خەلیل روونیکردەوە کە نەوتەکە رەوانەی پاڵاوگەی بێجی دەکرێ یان لە رێگەی سیستمی هەناردەکردنی باکوور (هێڵی بۆریی عێراق - تورکیا) هەناردەی دەرەوە دەکرێت؛ گوتیشی: "نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەی حەمرین رۆڵی بەرچاو دەبینێت لە بەرزکردنەوەی توانای کارپێکردن و پاڵاوتنی پاڵاوگەی بێجی بۆ 120 هەزار بەرمیلی رۆژانە."
گرێبەستی کێڵگەی عەجیل لە ئەنجوومەنی وەزیرانە
بەڕێوەبەری دەستەی کێڵگەکانی سەڵاحەدین تیشکی خستە سەر دۆخی کێڵگەی عەجیل و پرسی وەبەرهێنانی گاز و گوتی: "کێڵگەی عەجیل بە پلەی یەکەم کێڵگەیەکی گازییە پێچەوانەی حەمرین کە نەوتییە. گرێبەستی کێڵگەی عەجیل دراوەتە کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان و بۆ پەسندکردن رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە و چاوەڕوان دەکرێ لەم هەفتەیەدا پەسند بکرێت."
ئەو بەرپرسەی کەرتی نەوت راشیگەیاند، رۆژێک دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، گرێبەستەکە بە فەرمی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار واژۆ دەکرێ و دوای ئەوە وردەکاری و ژمارەی پەیوەست بە بڕی بەرهەمهێنانی گاز لەو کێڵگەیە بە فەرمی رادەگەیێنرێت.
کێڵگەکانی حەمرین، عەجیل و عەلاس لە پارێزگای سەڵاحەدین، لە ساڵی 2014 و لە سەردەمی هێرشەکانی داعشدا زۆربەی بیر و وێستگە و بۆرییەکانیان لەلایەن ئەو رێکخراوە پەڕگیرەوە تەقێندرانەوە و زیانی سەدان ملیۆن دۆلاریان پێگەیشت.
وەزارەتی نەوتی عێراق لە دوو ساڵی رابردوودا دەستیکردووە بە بووژاندنەوە و نۆژەنکردنەوەی ئەم کێڵگانە لە رێگەی هەوڵی نیشتمانی و گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتمەندەکان، بە مەبەستی پڕکردنەوەی پێداویستیی پاڵاوگەی بێجی.



