رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ دووشەممە نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا فەرمانێکی بۆ هەڵپەساردنی زۆربەی سزاکانی سەر کەرتی وزەی رووسیا واژۆ کرد بە مەبەستی زیادکردنی خستنەرووی سووتەمەنی لە بازاڕەکاندا.
دابەزینی نرخی نەوت دوای ئەوە دێت هەفتەی رابردوو بەهۆی بەردەوامی پەککەوتنی خستنەرووی نەوت لە جیهان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نرخەکان بە رێژەی نزیکەی 5% بەرزببوونەوە. ئەمرۆ دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2026 نرخی نەوتی برێنت بە رێژەی 1.75% دابەزی و هەر بەرمیلێکی بە 107 دۆلار و 95 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی نەوتی تەکساسی ئەمریکاش بەڕیژەی 0.83% دابەزی و بەرمیلێکی بە 100 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ئێوارەی رۆژی هەینی، ترەمپ فەرمانێکی سەرۆکایەتیی دەرکرد بۆ هەڵپەساردنی ژمارەیەکی زۆر لە سزاکانی سەر ڕووسیا، تەنیا چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی سزاکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. هاوکات ترەمپ پێناسی گومرگی زیادەی لەسەر ئەو وڵاتانە لابرد کە نەوتی رووسیا دەکڕن.
ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند لە پرۆسەی دانوستاندندایە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا، و نایەوێت هیچ شتێک رووبدات کە ڕووسیا لە مێزی دانوستاندن دووربخاتەوە، هاوکات رەخنەکانیشی لە ڤلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا گرتەوە.
رۆژی یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی رایگەیاند پێشنیازی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا سەبارەت بە کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی حەوت رۆژدا، هێشتا لەسەر مێزە. عێراقچی رەخنەی لە واشنتن گرت بەوەی پێشنیازەکەی قبووڵ نەکردووە و گوتی، "ڕێگەی کردنەوەی تەنگەی هورمز روون و ئاشکرایە."


