رووداو دیجیتاڵ
ئەمرۆ دووشەممە نرخی زێڕ رووی لە بەرزبوونەوە کرد. ئەمەش دوای ئەوەی وەبەرهێنەران پێشبینییەکانی خۆیان بۆ بەرزکردنەوەی زیاتری رێژەی سوود لەم مانگەدا کەمکردەوە دوابەدوای لێدوانەکانی کێڤن وارش، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی تشرینی یەکەمی 2026 لە دوای کردنەوەی بازاڕەکانی ئاسیا، نرخی زێڕ بە رێژەی 0.2% بەرزبووەوە و هەر ئۆنسەیەکی گەیشتە 4,180 دۆلار. نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتوودا بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 4200 دۆلار. دابەزینی پێنوێنی دۆلار بۆ نزیکەی 101.82 پاڵپشتی بۆ نرخی زێڕ دروستکردووە.
زێڕ لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە دابەزینی 0.7% داخرابوو. بەڵام دوای ئەوەی لێدوانەکانی وارش وەک پاڵپشتیکردن لە هێشتنەوەی رێژەی سوود لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووی بانکی ناوەندی لێکدرانەوە، بازرگانان ئەگەری بەرزکردنەوەی 25 خاڵی دیکە بە سوودی بانکیان بۆ کەمتر لە 20% دابەزاند. ئامارە بەرزەکانی هەڵاوسانی هەفتەی رابردوو پێشتر ترسی تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختی دروستکردبوو، بەڵام لێدوانەکانی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئەمریکا بەرزبوونەوەی زیاتری دۆلاریان راگرت.
بە شێوازێکی نەریتی، بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکان، گوشار لەسەر زێڕ دروست دەکات لەبەر ئەوەی زێر بە شێوازی خۆرسک بەپێچەوانەی قەواڵەکان هیچ سوودێکی لەسەر نیە. سەرەڕای ئەوەش، کانزا زەردەکە لە مانگی ئابەوە توانیویەتی لە سەرووی ئاستی پاڵپشتیی سەرەکیی 4,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک بمێنێتەوە، بەهۆی ئەوەی خواستی خۆپارێزی لە کاتی جەنگدا رێگری لە دابەزینی زیاتری نرخەکەی کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە کۆتایی مانگی شوباتەوە، زێڕ نزیکەی 20%ـی بەهای خۆی لەدەستداوە.
شارەزایانی بانکی (ANZ) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، " لەسەر ئاستی جیهان هەندێ روانگە پاڵپشتی لەوە دەکات کە بەرزمانەوەی سوودی سەر قەواڵەکان هێمایەک نیە بۆ گەشەی ئابووری ، بەڵکو بەپێچەوانەوە ترس لە سستی و قەیرانی ئابوورییە و لەبەر ئەوەش وەبەرهێنان لە زێڕ وەک پەناگەیەک بۆ خۆپاراستن لە مەترسییەکان چاوی لێدەکرێت. ئەوەش لە درێژخایەندا پاڵپشتی لە نرخی زێڕ دەکات. ئەو شارەزایانە ئاماژە بەوەش دەکەن وەبەرهێنەرانی چین بەهۆی لاوازی بازاڕی پشکەکان و کەرتی خانووبەرە لە وڵاتەکەیاندا، بەردەوامن لە کڕینی زێڕ. هاوکات بانکە ناوەندییەکانیش پرۆسەی هەمەجۆرکردنی یەدەگەکانیان خێراتر کردووە.
بانکی ANZ پێشبینی دەکات لە کورتخایەندا بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ سنووردار بێت، پێش ئەوەی لە ساڵی 2027دا نرخەکەی ئاستی 5,000 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕێنێت. پێشبینییەکانی ئەو بانکە بەندە بە بەردەوامیی خواستی وەبەرهێنەران و بانکە ناوەندییەکان لەسەر کڕینی زێڕ.


