رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی ڕێکخراوی وەعیونا بۆ رۆشنبیریی پارەدانی ئەلیکترۆنی، 25 ملیۆن کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە عێراقدا هەن و 60 هەزار خاڵی فرۆشتنی (POS) کاران.
نەبیل نەجار، سەرۆکی رێکخراوی وەعیونا بۆ رۆشنبیریی پارەدانی ئەلیکترۆنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو 25 ملیۆن کارتە زۆرینەیان کاران، ئەوەش بەهۆی بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتییە کە مانگانە خاوەنەکانیان بەکاری دەهێنن.
نەبیل نەجار گوتی، کۆمپانیای کی کارد پشکی شێری بەرکەوتووە لە کارتی ئەلیکترۆنیی پارەدان، کە 12 ملیۆن کارتی لەو جۆرەی دەرکردووە.
بەگوێرەی ئاماری مانگانەی بانکی ناوەندیی عێراق، چوار کۆمپانیای تۆمارکراو هەن کە کاری مامەڵەی دارایی لەڕێگەی مۆبایلەوە دەکەن و لە کانوونی دووەمی 2024 تاوەکو
حوزەیرانی 2026 لەڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەوە 12 تریلیۆن و 790 ملیار و 419 ملیۆن و 502 هەزار و 211 دیناریان ئاڵوگۆڕ کردووە.
سەرۆکی رێکخراوی وەعیونا بۆ رۆشنبیریی پارەدانی ئەلیکترۆنی رایگەیاند، مامەڵەی مانگانەی دارایی لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە لە عێراق سەتان ملیار دیناری تێپەڕاندووە، بەهۆی بڕیاری حکومەتەوە بە پابەندکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت بەو جۆرە مامەڵەیە و زیاتر لە 60 هەزار ئامێری خاڵی فرۆشتن (POS) لە عێراق کاران.
نەبیل نەجار ئاماژەی بەوەدا کارتە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق سەر بە بانکە حکومی و ئەهلییەکان و کۆمپانیاکانی پارەدانی ئەلیکترۆنین، لەوانە: کی کارد، نیۆ و سویچ، ئەوە جگە لە کۆمپانیاکانی پەیوەندی و تەلەفۆن.


.jpg&w=3840&q=75)

