رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای نەوتی (گەڵف کیستۆن پترۆڵیەم)، کە یەکێکە لە کۆمپانیا سەرکارەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان، راپۆرتی کارگێڕی و دارایی خۆی بڵاوکردەوە و تێیدا رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای (شاماران پیترۆڵیەم) بۆ یەکگرتن و پێکهێنانی کۆمپانیایەکی گەورەی هاوبەشی بەرهەمهێنانی نەوت راگەیاند.
بەپێی راگەیێندراوەکەی گەڵف کیستۆن کە رۆژی سێشەممە 20ی تشرینی یەکەم بڵاوکرایەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە تەواوی توانای بیرەکان بەردەوامە و گەیشتووەتە نزیکەی 45 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆمپانیاکە لە رووی داراییەوە لە دۆخێکی جێگیردایە و هیچ قەرزێکی لەسەر نییە، بە جۆرێک تاوەکو 19ی تشرینی یەکەمی 2026 بڕی 48.2 ملیۆن دۆلار نەختی لەبەردەستە.
لە خاڵێکی راگەیێندراوەکەدا، کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ کۆمپانیای شاماران پیترۆڵیەم گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ ئەوەی یەکبگرن. ئەم هەنگاوەش بە مەبەستی دروستکردنی کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنەری نەوتە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.
سەبارەت بە شایستە داراییەکان و فرۆشتنی نەوت، گەڵف کیستۆن روونیکردەوە کە سۆمۆ بەشە نەوتی زیادەی بۆ تەرخانکردووە، تاوەکو بەشێک لە فرۆشی نەوتی هەناردەکراوی چارەکی چوارەمی 2025 بەپێی نرخە جیهانییەکان یەکلا بکاتەوە.
کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامادەکاری دەکات لە 2027دا دەست بە لێدانی بیری نوێ و پەرەپێدانی کێڵگەکە بکاتەوە. هاوکات کارکردن لە دانانی دامەزراوەی چارەسەرکردنی ئاو لە وێستگەی (PF-2) بەردەوامە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، بەڵام بەهۆی کێشەی دابینکردنی کەرەستەکانەوە، دەستپێکردنی پڕۆژەکە بۆ چارەکی دووەمی 2027 دواکەوتووە.

.jpg&w=3840&q=75)
