رووداو دیجیتاڵ
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوامبوون لە گفتوگۆی رەشنووسی بودجەی فیدراڵی 2027 چاوەڕێی وەزیری دارایی عێراقە، تاوەکو کات دیاری بکات جارێکی دیکە بچنەوە بەغدا.
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رۆژی (هیوا جەمال)ی رایگەیاند، "کۆبوونەوەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبن. شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و چاوەڕێی بانگهێشتی فەرمی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان. تاوەکو ئێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو دیاری نەکراوە. ئەگەر کۆتایی ئەم هەفتەیە نەبێت، ئەوە دەکەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو."
دوایین کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵ (7ی تشرینی یەکەمی 2026) بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی فیدراڵ و وەزیرانی کورد لە عێراق، نزیکەی چوار کاژێری خایاند. سەرچاوەکە هەندێ لە وردەکاریییەکانی چوار کاژێر گفتوگۆکەی بۆ رووداو باس کرد.
وەک سەرچاوەکە دەڵێت، "پڕۆژەیاسای بودجە هێشتا لە قۆناخی رەشنووسدایە و هیچ بەهایەکی یاسایی نییە. دەکرێت دەستکاریی بکرێ؛ بۆیە تاوەکو لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسند نەکرێ و لەلایەن سەرۆککۆمارەوە واژۆ نەکرێ و لە رۆژنامەی وەقائیع بڵاونەکرێتەوە، ناتوانین بڵێن هیچ کراوە و هیچ نووسراوە."
ئینجا ئەمە گوژم و گوڕێکی باشی دەوێ و پێوسیتە هەمووان (حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەرانی کورد لە پەرلەمان و وەزیرە کوردەکان لە بەغدا) پێکەوەی کاری لەبارەوە بکەن. خاڵێکی ئەرێنی ئەم جارە ئەوەیە، "کورد لە قۆناخی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەدا بەشداری دەکات."
سەبارەت بە داواکارییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی داواکارییەکان خراونەتەڕوو و لەگەڵ وەزیری دارایی گفتوگۆکراون؛ ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ بابەتی مووچە لە کۆبوونەوەکە لێکتێگەیشتنی هاوبەش دروست بووە کە مووچە وەک بەشی حکومەت مامەڵە نەکرێ بەڵکو وەک شایستەی مووچەخۆر بێت و وەک هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق مامەڵەبکرێ، پشتبەست بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی لە شوباتی 2024، ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە بە دەقێکی یاسایی روون و ئاشکرا ئەمە لە رەشنووسی بودجەکە جێگیر بکرێت. ئەم رستەیە بۆ بەرپرسەکان و نوێنەراکانە (ئەمەش ئەوە دەخوازێت کە بە دەقێکی یاسایی روون و ئاشکرا ئەمە لە رەشنووسی بوودجەکە جێگیر بکرێت) لەگەڵ ئەوەشدا بڕگەکانی تایبەت بە رێژەی دانیشتووان، نەوت، داهاتە نانەوتییەکان گفتوگۆی زیاتری دەوێت.
سەرچاوەکە جەختی لە گرنگیی پێوەری ژمارەی دانیشتووان کردەوە و گوتی، "ئەم پێوەرە تەنیا بۆ بودجە و مووچە نییە، بەڵکو بۆ دامەزراندن و پشکی هەرێمی کوردستان لە هێزە ئەمنییەکانیشدا گرنگە."
یەکێک لە خاڵە ناکۆکە سەرەکییەکان، بابەتی خەرجییە سیادییەکانە. سەرچاوەکە روونیکردەوە، "حکومەتی فیدراڵی، خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگری و حەشدی شەعبی خستووەتە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکان، بەڵام پێشمەرگەی تێدا نییە." ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەپێی دەستوور، پێشمەرگە بەشێکە لە سیستمی بەرگریی عێراق و پێویستە مووچە و خەرجییەکانی لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکاندا بن، گفتوگۆ لەم بارەیەوە لە دانیشتنی داهاتوو دەکرێت.
سەرچاوە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای کرد کە خەڵک پێشبینیی زۆر بەرزیان نەبێت، چونکە رەشنووسەکە هێشتا کۆتایی نییە و ئەگەری گۆڕانکاریی تێدا هەیە، هەروەها ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردنەوە، گوایە پڕۆژەیاساکە بەبێ ئاگاداریی شاندی هەرێمی کوردستان ئامادەیە بۆ ناردن، گوتیشی، "پڕۆژەیاساکە هێشتا و گفتوگۆکان بەردەوامن."
مادەی 10 گۆڕەپانی شەڕە گەورەکە
مادەی 10ی رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ 2027 مەیدانی شەڕە گەورەکەی هەرێمی کوردستان و بەغدایە، چونکە زۆرینەی زۆری ماف و پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەو مادەیەدا کۆکراونەتەوە.
تاوەکو ئێستا رەشنووسی بودجەی عێراق بۆ 2027 پێکهاتووە لە 32 مادە. یەکێک لە مادەکان مادەی 10 یە، کۆمەڵێک خاڵ، بەند و بڕگەی لێبووەتەوە، ئەم مادەیە کۆکراوەی مادەکانی 10 و11 و 12ی پرۆژەی بودجە سێ ساڵییەکەیە بۆ کۆمەڵێک دەستکارییەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژی (هیوا جەمال)، مادەکە پابەندییەکانی هەرێمی کوردسان وەک رادەستکردنی بڕی نەوت کە رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نوسراوە، هەروەها رادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان، باج و گومرگی تێدایە، جگە لەوەی پشکی هەرێمی کوردستان بە 12.7٪ی کۆی گشتی عێراق لەو مادەیەدا نووسراوە.
ئەم مادەیە لەدوایین کۆبونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی فیدراڵ خراوەتەڕوو، گفتوگۆی گەرمی لەبارەوە کراوە، لەبارەی هەندێ لە بڕگەکانی رێکنەکەوتوون، لەبەرئەوەیە جارێکی دیکە شاندەکە دەچنەوە بۆ گفتوگۆ لەم بارەیەوە.
خەرجیی سەروەری چۆن پشکی هەرێمی کوردستان کەم دەکاتەوە؟
ئەگەر هەمو ئەوانە بەڕێوەبچن، یەکێک لە گرفتەکان دوو وشەیە ناوی (خەرجی راستەقینە) یە. ئەم خەرجییە راستەقینەیە واتە لێکردنەوەی خەرجی حاکیمە و سەروەریی لە بودجەکە، ئەمەش واتە بەتەواوی کەمکردنەوەی پسکی هەرێمی کوردستان.
ئینجا بۆ ئەوەی بە وردی خەرجییە سەروەرییەکان روون بکەینەوە، پشت دەبەستین بە هەندێ نوسینی د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە لە شیکارییەکدا وردەکاریی کاریگەریی "خەرجییە سەروەرییەکان" لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراقدا رووندەکاتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەم خەرجییانە لە ماوەی 14 ساڵدا نزیکەی چوار هێندە زیادیان کردووە
بە گوتەی ئامانج رەحیم، پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای تەواوی بودجەی عێراق هەژمار ناکرێ، بەڵکو سەرەتا خەرجییە سەروەرییەکان (وەک بودجەی بەرگری، سیاسەتی دەرەوە، حەشدی شەعبی و قەرزەکان) لە کۆی گشتیی بودجە دەردەهێنرێن، پاشان پشکی هەرێمی کوردستان لەو بڕەی دەمێنێتەوە دیاری دەکرێت.
ئەمەش واتای ئەوەیە کە "هەرچەند قەبارە و بازنەی خەرجییە سەروەرییەکان گەورەتر بێت، ئەو بنەمایەی پشکی هەرێمی کوردستان لەسەر هەژمار دەکرێت بچووکتر دەبێتەوە."
سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەداوە ، خەرجییە سەروەرییەکان (سیادییەکان) بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. لە ساڵی 2009دا، ئەم خەرجییانە نزیکەی 12.5 ترلیۆن دینار بوون، کە دەکاتە 18%ی کۆی بودجە، بەڵام لە بودجەی 2023-2025دا بۆ نزیکەی 47.4 ترلیۆن دینار لە ساڵێکدا بەرزبوونەتەوە، کە دەکاتە 24%ی کۆی بودجە.
جگە لە زیادبوونی بڕی پارەکە، ژمارەی بڕگەکانیشی بەشێوەیەکی بەرچاو فراوان بووە؛ لە 16 بڕگەوە لە ساڵی 2005 بۆ 106 بڕگە لە بودجەی 2023-2025.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان بە پشکی خۆی لە دابینکردنی ئەم خەرجییانەدا بەشدارە، بەڵام لە پرۆسەی چاودێری و وردبینیی خەرجکردنیاندا رۆڵێکی راستەوخۆی نییە. هەروەها، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بەشدارە لە خەرجییەکانی وەزارەتی بەرگری و دەزگا ئەمنییە فیدراڵییەکان، بودجە و شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگە لە بودجەی فیدراڵیدا لەبەرچاو نەگیراوە.
ئامانج رەحیم جەختی لەوە کردووەوتەوە کە بەپێی مادەی (105)ی دەستوور، دەبێت هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی دادپەروەرانەی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوە فیدراڵییەکاندا هەبێت، کە تا ئێستا بە کردەوە رەنگی نەداوەتەوە.
.jpg&w=3840&q=75)

